بەشداری بەربڵاوی ژن و کچانی کوردی کرماشانی لە بواری موسیقی و ژەنیاریدا، چەندین ساڵە سەرەنجی خەڵکی ئێرانی ڕاکێشاوە، بەتایبەتی ژنانی کوردی یارسان لەم بارەوە پێشەنگتر دیارن.
لە رەگەزی ژن بی و، تەمبوور هەڵگری و گۆرانی بچڕی بێگومان لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کۆسپ ولەمپەڕ تا هەرەشەو سەرکوت رووبەروو دەبیتەوە، هەر بۆیە ئەوە دۆخی بەشی هەرەزۆری ژنان وکچانی هونەرمەندی کوردی کرماشانییە.
دوای ئەوەی لە فستێڤاڵی نێونەتەوەیی گەلان، کە ماوەیەک لەمەو پێش لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو ، رێگە بە بەشداری کردنی گرووپی”دایراک خاتوون” بەهۆی هەبوونی گورانیبێژو ژەنیاری ژن، نەدرا، لە تازەترین هەڵوێست بۆ دژایەتی کردن لە گەڵ ژنانی هونەرمەند، محەممەد یەزدی ئەندامی “شووڕای نیگەهبان” و “دەبیری حەوزەی عیلمییەی قوم” بە توندی بەگژی ژنانی ژەنیار و گۆرانیبێژی کرماشانی چووتەوە و بێرێزی پێ کردوون.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی ڕابردوودا، گرووپێکی موسیقایی پێکهاتوو لە ژنان و کچانی کرماشانی لە کۆبوونەوەیەک لەو شارەدا بەرنامەی هونەرییان بەڕێوەبردوە، دوایی دەستوپێوەندییەکانی رێژیم نارەزایەتیان دەربڕیوەو گوایە سکاڵای خۆیانیان بۆ “حەوزەی عیلمییەی قوم” ناردوە.
لە وەڵامی ئەو نامەیەدا، محەممەد یەزدی بە تووڕەییەوە ، سووکایەتی بە ژنە هونەرمەندانی کرماشانی کردووە.
پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکان هەر جار بەبیانوویەک، تا ڕادەیەک گەیشتووە کە لە ژێر گوشاری وتاربێژانی رۆژی هەینی، نوێنەرانی رێبەری نیزام، ئێستاکە لە چەند شاری ئێران وەکوو “مەشهد”، قوم” ، قەزوین” رێگە بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت نادرێ.
گرفتی سەر ڕێ هونەرمەندانی بواری مووزیک،لە کۆمەڵگەی ژناندا چەند قات زیاترە و، جیا لە نەریتی باوی کۆمەڵگە ،دەسەڵاتی مەزهەبی بە شێوازی جۆراجۆر رێگرییان لێدەکا.
سەرەڕای ئەو هەموو بەربەست وگرفتانە، ژنان و کچانی هونەرمەندی کورد، بەتایبەتی لە پارێزگای کرماشان ، بەجوانی و بە باشترین شێوە درەوشاونەتەوە و هەمووساڵێک کۆنسێرت و فیستڤاڵەکان دەڕازێننەوە.