لە پێشوازی کردن لە سەری ساڵی نوێی و رێورەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی بە مەبەستی وشیار کردنەوەی خەڵک و گرینگی دان بە ڕێورەسمی نەتەوەیی نەورۆز، کەمپەێنێکیان لەوبارەوە پێکهێنا.
کەمپەینی”نا بۆکڕینی تەرەقە و تەقەمەنی زیانبار ” بە مەبەستی ئاگایی بەخشین بە خەڵک بە تایبەتی مێرمنداڵان و منداڵان لە هەمبەر مەترسییەکانی تەقەمەنی ناستاندارد”،کە لە سەر دەستی چالاکانی مەدەنی ساز کراوەو بەشێک لە منداڵان و قوتابیانی شارەکانی سەردەشت وشنۆ و چەند شاری دیکە پێشوازییان لێکردوە.
شایانی باسە هەموو ساڵێک لە بەرەبەری رێورەسمەکانی چوارشەممە سووری و شەوی نەورۆز، بە هۆی تەقاندنەوەی تەرەقەو تەقەمەنییە دەست سازەکان چەندین منداڵ و مێرمنداڵ، زیانی جەستەییان وەبەردەکەوێ زۆرجاریش گیانیان لە دەست داوە.
وەک لە هەواڵەکانی پێشووتر بڵاو کرایەوە بەداخەوە ئەمساڵیش لە شاری سەقز بە هۆی تەقاندنی تەقەمەنی، دوو تازەلاو بوون بە قوربانی و، لەو رووداوەدا کەسێک بەناوی فەرشاد حسێنی گیانی لەدەست داو، کەسێکی دیکەش بەناوی فەرهاد عەزیزی بریندار بوو.
کەمپەینی سازکراوی “نا بۆ تەق وتۆق” لە هەوڵدایە بە پشتیوانی هەموو لایەنێک پێش لەو کارەساتانە بگیردرێ و بۆ ئەم مەبەستەش داوای کردوە لە بنەماڵەکان و بەتایبەتی مێرمنداڵان و منداڵان کە بە گەرموگۆرتر پێشوازی لە نەرۆزبکەن و بە دوای تەقەمەنی زیانبار نەکەون.
بەڕیوەبەرانی ئەو کەمپەینە هیوادارن کە رێورەسمەکانی نەورۆزی نەتەوەیی بە هۆی کڕین و فرۆشتنی تەقەمەنی ناستاندارد، بۆ هیج بنەماڵەیەک نەبێتە کارەسات و تاڵیادێکی هەمیشەیی.











