زۆر بەداخەوە بیستمان کە شیفا گەردی، ڕاگەیەندکاری لاو و بوێر و سەرکەوتووی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پڕۆسەی ڕزگاریی موسڵدا بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوی داعش شەهید بوو.
هەواڵی شەهیدبوونی شیفا گەردی هەموومانی خەمبار و دڵبریندار کرد. ئەو لە کاتی گواستنەوەی هەواڵی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە دژی داگیرکەرانی کوردستان و، لە پێناو ئازادی، ئەمنیەت و ڕزگاریی نەتەوەکەیدا گیانی دانا.
ئێمە شەهیدبوونی شیفا گەردی بە خەمێکی گەورە و هاوبەش بۆ هەموو میدیای کوردیی دەزانین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بەو بۆنەیە ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید شیفا گەردی، تۆڕی میدیایی ڕووداو و خۆمان و هاورێ و هاوکارەکانی دەکەین. هاوکات هیوادارین یونس مستەفا، ڕاگەیەندکاری دیکەی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە لەو رووداوەدا بریندار بووە، بەزوویی ساغی و سڵامەتیی خۆی وەدەست بێنێتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ئێوارەی شەممە، ٢٥ی فێورییەی ٢٠١٧ی زایینی