دوای ئەوەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە پاسگای بەردەپان، دوێنێ تەقەیان لە لاوی کۆڵبەر سلەیمان عەبباسی خەڵکی بنوخەڵیفی ناوچەی سەردەشت کرد و گیانیان لێ ئەستاند، تووڕەیی و بێزاری لە ئینسانکوژییەکانی هێزەکانی ڕێژیم، دانیشتوانی ناوچەکەی خرۆشاند. ئەم تاوانە لە لایەک و خۆپاراستنی دام و دەزگاکانی ڕێژیم لە دانەوەی تەرمی لاوی جوانەمەرگ سلەیمان عەبباسی لە لایەکی دیکە، بووە هۆی ئەوە ئەمڕۆ شەممە ٧ی ڕەشەمە،هەر لە بەیانییەوە، خەڵکی گوندەکانی ناوچە بە نیازی دەربڕینی توورەیی خۆیان لە بەر دەرگای پاسگای “بەردەپان” کۆ بوونەوە. کاتێک ڕێگە نەدرا بە نوێنەرانی خەڵکی بێزار ونارازی بچنە نێو پاسگا، خۆپێشاندەران شووشەی ماشێنەکانی ئەو پاسگایەیان شکاند. گرژی و لە بەرامبەر یەک دا راوەستانی هێزە جینایەتکارەکان و خەڵکی وەزاڵەهاتوو درێژەی کێشا. هێزەکانی ڕێژیم بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵکەکە، تەقەیان کرد و لە ئاکامی دەسرێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، هەتا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە ٣کەس بەناوەکانی عەبباس رۆستەمی، سەلاح ئیبراهیم زادە و رەسووڵ ئازەری خەڵکی بێورانی سەردەشت بریندار بوون. دۆخەکە هەر وا نائاساییە و توورەیی خەڵکی ناوچە ڕوو لە زیاد بوونە.











