ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست (مێری) له هه‌ولێر به‌یانی و دوانیوه‌رۆی رۆژی پێنج شه‌ممه ٢٣ ی فێوریه‌ی ٢٠١٧ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌نێوان سه‌رانی شه‌ش لایه‌نی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێک هێنا.
ئامانج له‌و کۆبوونه‌وه‌یه که له‌لایه‌ن د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نستیتۆی “مێری”یه‌وه ئیداره ده‌كرا، ئه‌وه بوو که له‌به‌ر رووناکایی گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانی مانگه‌کانی دوایی له سیاسه‌تی جیهانیدا به‌تایبه‌تی هاتنه‌سه‌رکاری دۆناڵد ترامپ له ئه‌مریکا و دوایین ئاڵوگۆڕه‌کانی کێشه و قه‌یرانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، کاریگه‌ریی ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنانه له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و خوێندنه‌وه و رێکاری هاوبه‌شی لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنانه تاوتوێ بکرێ.
به‌مه‌به‌ستی به‌پیله‌وه چوون و پێشوازی له هه‌وڵ و بانگه‌وازه‌کانی مێری بۆ دانیشتنی نێوان لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هاوڕێ مسته‌فا مه‌ولوودی به هاوڕێیه‌تیی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتی به‌شداری ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه بوو.
سکرتێری گشتیی حیزب وێڕای سوپاس له ئه‌نستیتۆی مێری و به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی بۆ راکێشانی سه‌رنج بۆ سه‌ر پرسه‌کانی پێوه‌ندیدار به بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و کۆکردنه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات، بۆچوون و روانگه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌وه‌ره‌کانی کۆبوونه‌وه‌که خسته‌ڕوو.
هه‌یئه‌تی حیزب له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که سه‌رباری ئه‌وه که ئاقاره‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا چ له ئاستی جیهانی و چ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ئێران‌دا هێشتا ناڕوونیی پێوه دیاره و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا خه‌باتی کورد خه‌باتێکی قائیم به زات و پشتبه‌ستوو به خۆیه، به‌ڵام هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نابێ له‌و زهرفییهتانهش غافڵ بن که له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران و ناوچه‌که له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌گشتی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکادا به‌تایبه‌تی دروست بن. له هه‌مان کاتدا به‌ڵام پێویسته ئه‌و هێزانه پێش ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی هانابه‌خش بوونی ئاجێندای نێوده‌وڵه‌تی بن، پێویسته پێش هه‌موو شتێک پشت به هێزی خۆیان ببه‌ستن و به یه‌کخستنی پۆتانسیه‌لی خه‌باتگێڕانه‌یان، هه‌موو به‌ستێنه‌کانی خه‌بات چ مه‌ده‌نی و چ شۆڕشگێڕی چالاک‌تر بکه‌نه‌وه و پێکه‌وه‌یان گرێ بده‌نه‌وه.
هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌روه‌ها له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که دۆخی ئێستای نێوان لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ له پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر و چ له خوێندنه‌وه‌یان بۆ ناوخۆی ئێران‌دا هه‌رچییه‌ک بێ، ئه‌وان ده‌توانن هاوکاریی نێوانیان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و بۆ نزیکبوونه‌وه له ناوه‌نده بڕیارده‌ره جیهانییه‌کاندا له‌و پرسانه‌ی پێشوو جیا بکه‌نه‌وه و به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا هه‌موویان به یه‌ک گوتار و به رێکارێکی هاوبه‌ش بجوڵێنه‌وه.
له کۆتایی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که نیشانی دا خاڵه هاوبه‌شه‌کان له خوێندنه‌وه و روانینی لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵات له خاڵه‌کانی جیاوازی زۆر زیاتره، پێداگری له‌سه‌ر پێویستیی یه‌کگرتن و روانین و کرده‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌و لایه‌نانه و درێژه‌دانی ئه‌م دانیشتنانه به‌مه‌به‌ستی تهرجومهکردنهوهی ئه‌و خوێندنه‌وانه بۆ سیاسه‌تی به‌کرده‌وه کرا.