ەزۆربەی هەرەزۆری ئەدەب وفەلسەفە جیاجیاکانی جیهان وەرزی بەهار زیاتر وەکوو وەرزێکی سروشتی باسی لێکراوە و نووسەران و شاعیرانی گەلانی جیهان جاروبار زیاتر لە دیدێکی ناتورالیستی سەرنجی وەرزی بەهاریان داوە، ئەوهش دەگهڕێتەوە بۆ ئەو کەریگەرییەی کە بەهار لەسەر مرۆڤەکان دایدەنێت و هەست و دەروونی ئەوان بە شێوەی جۆربەجۆر دەبزوێنێت.
راستە هەر وەرزێک لە روانگەی جوانی ناسییەوە هەڵگری جوانی و شەنگی تایبەت بە خۆیەتی. ئەگەر وەرزی خەزان بۆتە نمادی خەم و پەژارە بە هۆی ئەو تایبەتمندییەی کە هەیەتی وەکوو زەلان وسەرماو هەڵوەرین وکۆچ کردنی باڵندەکان و هتد. بەڵام بەم حاڵەشەوە شاعیران بە نیسبەت جوانییەکانی ئەم وەرزە چاویان نەنوقاندووەو هۆنراوەی جوان و بە پێزیان داناوە، بۆ نموونە مامۆستا گۆران لە شێعرێک سەرەتا پاییز بە «بووکی قژ زەرد» دەناسێنێت، بەڵام بە چاوانی پڕ گریان و هاوارێک لە بێدادی باسی پاییز دەکات واتە نەفسی پاییز و تایبەتمهندییەکانی لەوە زیاتر مەجالی پێ نادا. تەنانەت ئەگەر «ئەخەوان سالس»ی شاعیری فارس دەبێژێت: کێ دەڵێ باخی بێ گەڵا جوان نیە،
باخی بێ بەرگ، پێکەنینی ئەسرینێکە خوێناوی و… لە درێژە ئەم شێعرە «پاییز» بە پاشای وەرزەکان ناو دهبات. بەڵام دیسانەکە گۆشەنیگای هەر بە وەرزی بەهارە کاتێک دەڵێت: باخی بێ هیواکان، چاو لە رێی هیچ «بەهار»ێک نیە. ئەمه دەرخەری ئەوەیە کە رەنگدانەوەی هەموو وەرزەکان بە جۆرێک گرێدراوە بە بەهار. ئەوهش رەگ و ریشەی دەگەرێتەوە بۆ ئەدەبی کۆن و جاروبار پشت بە ئەفسانەکانیش دەبهستێ. هەر لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی بە شێوە و روانگەی جۆربەجۆر بەهار بۆتە هەوێنی شێعر و قسەی نەستەق و مەتەڵەکان. وەکوو ئەم ئەمانەی خوارەوە:
چوار فەسڵە خوەشە نە وەک بەهاران
بوڵبوڵ لە چیمەن کەو لە نساران
ئەم بەیتە فۆلکلۆریکەی ناوچەی ئەردەڵان بە زمانێکی ساکار دان بەجوانی هەموو وەرزێک دادەنێت، بەڵام «بەهار» بەرزتر و جوانتر دەنرخێنێت.
بەهار بۆ کەسێک خۆیشی بەهار بێ
نە وەک دڵەکەی من دائیم خەمبار بێ
لێرەدا ئیتر بەهار زێدەتر لە وەرزێک و سەرتر لە روانگەی ناتوراڵگەرایی چاوی لێکراوە. لەم بەیتە ناخ ودەروونی ئینسانەکان گرنگی زیاتری هەیە هەتا رواڵەت.گۆڕانی سرۆشتی بە شتێکی ئاسایی باس دەکات. مەرجێکی دەروونی هەیە ئەویش ئەوەیە «بەهار بوونی»تاکەکان گرینگترە لە خودی وەرزی»بەهار» دەقیقەن لە ئەدەبیاتی عیرفانی» Mystical literature» باس لەوە دەکرێت کە سەرسەوزترین بەهار، بەهاری دڵ و دەروونەکانە بەچەشنی بوژانەوەی دەشت ودەوەنەکان لە وەرزی بەهار. واتە مرۆڤەکان بۆ ئەوەی بە گەشایی رۆح ورەوان بگەن دەبێت تێ بکۆشن بۆ گەیشتن بە بەهاری حەقیقی نەک کاتی.
بەچاوخشاندنێک بەسەر ئەدەبی گەلان، بۆمان دەردەکەوێت کە بەهار هەڵگری خاڵی هاوبەشە لەسەرجەم وێژەوهۆنراوەکان تەنیا جیاوازی لە مژار و فەلسەفەکاندا هەیە. بۆ نموونە لە دیدی نووسەری عیرفانی هەروەک کە باسمان کرد بەهار ئیلهامێکە بۆ سرینەوەی ناخی ئینسانەکان لە ژەنگ وگەردی نائینسانی.
لە روانگەی باورمەندان بە ژیانی دووبارە وەکوو «تناسخ» دژ بە روانگەی ماتریالیستی بەهار نیشانەی هەرمانی رۆح و زیندوو بوونەوەی سەر لە نوێیە و بە موعیجیزە وگەورەیی خوداوەندی دەزانن. هەر ئەم شێوە روانینە لە شێعرو ئەدەبی نووسەران و شاعیرانی ئەو رێبازە رەنگدانەوەی هەیە، چونکە ئێمە لە ئەدەبیاتی هەر گەل و نەتەوەیەک فەلسفەی روانینی ئەو گەلە بە چەمک و مەفاهیمەکان و باوڕەکان و داب و نەریتەکان بە ئیزافەی رووداوە مێژووییهکانی ئەو گەلە دەبینین. بەزمانێکی سادەتر هونەرو ئەدەبیاتی هەر گەلێک، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو گەلەیە. ئەدەبیاتی کوردیش بە گشتی لەم مەرجە جیا نیە. کوردستان بە هۆی هەڵکەوتنی لە ناوچەیەکی شاخاوی، جیاوازی وەرزەکان بە باشی تێیدا بە دی دەکرێت. هەر ئەم تایبەتمەندییه جوغرافیە بەسەر ئەدەبیاتیدا بە گشتی کاردانەوەی هەیە، بە پێی پولێن بەندیی مێژووی ئەدەبی کوردی یەکەم شاعیری کورد «باوە تاهیر»ە کە لە دوو بەیتیەکانیدا بە شێوە بیرکردنەوەی خۆی باسی بەهار دەکات. جاروبار هەر بە پێی قسەی کۆن بەهار بە سەردەمی گەنجی و لاوی دەشوبهێنێت کە پڕاوپڕە لە زیندوویی و جوانی. بەڵام کەم خایهن وکورت کە هەر زوو تووشی خەزان و زستانی پیری دەبێت! کە دەبێ مرۆڤەکان زیاتر قەدری سەردەمی لاویەتی بزانن. بەڵام بە دوای باوە تاهیر، شاعیرانی مەکتەبی رومانتیسم زیاترین نیگای شاعیرانەیان بە بەهار و مانا جۆربەجۆرەکانی بڕیوە. هەر بەو جۆرە کە چەند سەدە دوای «باوە تاهیری عارف «شاعێرێکی دیکەی کورد «مامۆستا شەریف» ئەیژێ:
گـەڵاڕێـزان گـوڵـی باخـانـی دا با
بەهارێ دیكه دێ؛ ئەم داخه لابا
هەناسەی باخەوانی پیره دەیكوت:
هـەزاران خـۆزگـه ژینـی مـن وەها با!
مەولەوی کورد رەنگە یەکەم شاعیر بێ کە «ئازادی»و بەهار لە پەنای یەک داناوە،کە دەبیژێت:
ئاماوە وەهار وەهارێ شادی
بۆی عەتری نەسیم، خۆنچەی ئازادی
ئەوەی کە لە داوێنی شاخ وداخی هەورامان ژیا بێت رەنگە باشتر بزانێت دوای گەمارۆی ئاستەمی زستان بە دەرکەوتنی وردیلە بزەی گەزیزە چەندە دڵ و دیدەی بینەر دەهەژێت و هەستی ئازادی لە ناخیدا دەورووژێنیت. جێی ئاماژەیە لە شاعیرانی «بەهار وێژ» ئەوانەی کە ژیانی گوندولادێیان ئهزموون کردوە جوانترو باشتر توانای وەسفی بەهاریان هەیە هەتا ئەوانەی کە لە شار ژیاون. شاعیرانی شارنشین دیدێکی کلیشەیی و بەستەیان هەیە بە نیسبەت بەهار کە هەر هاتنی وەرزی تازەو گوڵ دەرکردنی سرۆشت و هتد.. قەتیس ماوەتەوە.
بەهار لە روانگە و مانیفستی شاعیرانی ئەدەبی بەرگریی کە بەشێکی زۆری ئەدەبی نوێی کوردی بە هۆی هەلومەرجی مێژوویی و سیاسی گرتووتەبەر هێمای سەرکەوتن و نمادی شۆڕشێکی بەربڵاوی گۆڵ و دار و باڵندەو ئاوە دژ بە سەرما و سائقە و بەستەڵەک..
هەر بۆیە مامۆستا هەژار لە سروودێکی بەهاری دا دەڵێ:
مزگێنی دا به سروه بای بههاری
وا هاتهوه نهورۆزی کوردهواری
به تیشکه تێک شکا سپای کڕێوه
ههواری ڕۆژ گهییشته خاکهلێوه
فهرمان درا به سهوزه سهر ههڵێنێ
چیدی له بهندی خاکی ڕهش نهمێنی
با دهرکهون گوڵ و کهسهر بنێژن
با ڕۆژی ڕزگاری بکهن به جێژن.
هەر بە لێکدانەوەیەکی سادە لەم دوو بەیت شێعری مامۆستا هەژار کە سەیرکردن و هۆنینەوەیەکی سیمبۆلیکە لە بەهار و تایبەتمهندییەکانی ئەویش لە روانگەی شاعیرانی دەروەست و شۆرشگێر.کە ویستویانە لە بەهار و جوانیەکانی رەمزێکی دیکە بخوڵقێنن کە هەم وێژەوهەست و شێعری خۆیان پێ بڕازێنەوە، هەمیش هەوڵ بدەن کە داوی دیلی و بەندی کڕیوەیی نەتەوەکەیان لە لە دەستی داگیرکەران و لە زستانی نەهامەتی بپسێنن. لە هێمن و هێدی ڕابگرە هەتا شاعیرانی ئەمرۆیی بەهار زیاتر و سەرتر لە وەرزێک بۆتە ئیماژوسووژەی شێعری و بە تایبەتی لە ژانری بەرگری لە مێژە بەهار بۆتە رەمزی و ریشەی ئازادی و بەهاتنی هەستێکی خۆش و پرهیوا بەکۆمەڵگەی کوردان بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئەدیبان و نووسەرانی کورد دەبەخشێت. بەچەشنی گیاخاوی هیوای «مارف ئاغایی»کە دەڵێ:
رۆژێک دێ،
دونیا دەگۆڕدرێ،
چارەنووس هەروا تاڵ نابێ
ئاگر لە سەرمان دەیبەستێ
ئاگر بەندان
سەهۆڵ لە گەرمان دەتوێتەوە
سەهۆڵ سووتان
چارەنووس هەروا تاڵ نابێ
………………………………………..
ژێدەر؛
ماڵپەڕی پرشین گیک، مێژووی ئەدەبی کوردی و دیوانی شاعیران، هەژار، هیمن،گوران
له ژماره ٦٥٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه