وەک لە هەواڵەکانی پێشووتر باس کرا، بە پێی بانگەوازی حەوتووی ڕابردوو، کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگیی”ئەدەب” لە شاری بۆکان کۆڕێکی بە مەبەستی رێزگرتن لە زمانی دایک و تاوتوێ کردنی گرینگایەتی وجێگەوپێگەی زمان و ئەدەبی نەتەوەیی بەڕێوە برد.
پاشنێوەڕۆی رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەممە بەڕێوەبەرانی کۆری فێرکاری وفەرهەنگیی”ئەدەب” بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، کۆبوونەوەیەکی بۆ زمانناسان و پسپۆڕانی بواری زمانی زگماکی پێکهێنا، مەبەست لەوە کۆبوونەوەش وێڕای تاوتوێ کردنی لایەنەجۆربەجۆرەکانی پرسی زمان کە بنەمای شووناسی نەتەوەییە ، بە کۆدەنگییەوە خوازیاری جێبەجێ کردنی ئەسڵی ١٥ بوون لە یاسای بنەڕەتی ئێران و لەو پێوەندییەدا داواکاری سڕینەوەی هەڵاواردن ودووچاوەکیی بوون لە نێوان گەلانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ئێران و، دابینکردنی یەکسانی مافی شارۆمەندی بوون.
لەو ڕێوڕەسمەدا پێشەکیی مستەفا ئیلخانیزادە بەرپرسی کۆڕی فێرکاری زمانی کوردی ئەدەب،باسی گرنگی پەروەردە و ڕاهێنان بە زمانی دایکی کرد و سەبارەت بە کێشەی پەڕاوێز خستنی زمانەکانی تورکی و کوردی و بەلووچی و عەڕەبی لە وڵاتی ئێراندا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕەخنەشی لەوە گرت کە جێبەجێکردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتی پشتگوێ خراوە و دەبێ هەرچی زووتر ئەو مادە قانوونییه بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
له درێژەی ئەو مەراسمەدا نووسەران و پسپۆڕانی بواری زمان و چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی وەک بەڕێزان: ڕوماننووس حسێن شێربەگی، توێژەر و پسپۆڕی زمان محەممەد باوێردی موقەدەم و مستەفا ئیلخانیزادە بەرپرسی کۆڕی فێرکاری زمانی کوردی ئەدەب و بەڕێز سمکۆ مەعڕوفی مامۆستای زمانی کوردی بە نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی وڵات، وتاریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
شایانی باسە لەو مەڕاسمەدا بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی بلیمەت و کەڵە نووسەر و شاعیری گەورەی کورد، مامۆستا هەژار،چەندین وتار و شێعر پێشکەش کرا و بەوشێوە یادی ئەو کەسایەتییە ناودارەش، بەرز ڕاگیرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ڕێزنامە پێشکەشی چەند مامۆستای زمانی کوردی کرا.











