دوای کوژرانی پاسدارێک بەناوی هاشم زیناڵی لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی لە دەوروبەری گوندی گامێشگۆلی ، پۆلێک لە خەڵکی ئەوگوندە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکران و لە ژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا بەدانپێدانانی زۆرەملێی ناچاریانیان کرد و هەروەک لە هەواڵەکانی چەند رۆژی ڕابردوودا هاتبوو یەکێک لەو گیراوانە بە ناوی کەماڵ ئەحمەدنەژاد، حوکمی ئێعدامی یەکلایی کراوەتەوە.
هەروەها لە خەزەڵوەری پاییزی ٩٥ی هەتاوی وەزارەتی ئیتلاعات نوسخەی تەواوی فیلمێکی بە ڕواڵەت دۆکیۆمێنتی لە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تاوانبار کردنی وەکوو بە دەستوپێوەندی لە کوشتنی هاشم زێناڵی بڵاو کردەوە
لەم پێوەندییەدا کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حدک بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک لە پیلانگێڕی ناوەندە ئەمنییەکانی رێژیم و هەروەها ئاگادراکردنەوەی ڕای گشتیی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەشێک لەو روونکردنەوەدا هاتووە:
خەزەڵوەری پاییزی ١٣٩٥، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نوسخەی تەواوی فیلمێکی بە ڕواڵەت دۆکیۆمێنتیی خۆی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای شەبەکەی “پرێس تی ڤی”و ڕاگەیەنەکانی دیکەی بەستراوە بە خۆی بڵاو کردەوە. بابەتی سەرەکیی ئەو بە ناو بەڵگەنامەیە، کوژرانی مۆرەیەکی ناسراوی ڕێژیم لە دێی “گامێشگۆلی” بە ناوی “هاشم زەیناڵی”و تاوانبار کردنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە کوشتنی ناوبراوە. ئەو مۆرەیەی سەربەڕێژیم ، خەرمانانی ١٣٩٣ لە نزیک گامێشگۆلی کوژرا و، هەر ئەو کاتیش هەواڵی کوژرانەکەی لە ڕاگەیەنە کوردییەکان بڵاو بۆوە.
بوونی ژمارەیەک لە لاوانی خەڵکی ئەو گوندە لە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا لە لایەک و، بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەو کەسە لە تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ، دەبن بە هاندەرێک بۆ ئەوەی وەزارەتی ئیتلاعات بکەوێتە بیری دروستکردنی موستەنەدێک لە دژی ئەو حیزبە لە ژێر ناوی” دیموکراتی تیرۆریست”دا! ئامانجی سناریۆسازو سناریۆنووس کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامییە، ئەوەیە بە هۆی تاوانبارکردنی چەند لاوێکی پێشمەرگەی خەڵکی گامێشگۆلی بە داڕشتنی نەخشەی کوشتنی هاشم زەیناڵی، هەم کێشەو دووبەرەکی بخەنە نێو خەڵکی ئاواییەکە و لەم ڕێگایەوە جێ پێیەک بۆ خۆیانو ڕێژیمەکەیان لە نێو خەڵکی ئەو گوندە دا بدۆزنەوە، هەم حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریست بناسێنن.
لە درێژەی ئەو روونکردنەوە سەبارەت بە ساختەسازی و درۆ و دەلەسەکانی ئیتلاعات رێژیم بۆ تاوانبارکردنی حیزبی دێموکرات هاتووە؛
ئەوە لە حاڵێک دایە کە هەر فیلمەکە بۆ خۆی دەری دەخا کە گیراوەکان لە ژێر ئازارو ئەشکەنجەو کەشوهەوای هەڕەشەو ترساندندا، قسەیان پێ دەکرێ. ئەو درۆو ئیددیعایانەی کە وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگای ئەو بەناو فیلمە بەڵگەنامەییە هێناونیە گۆڕێ، وەدرۆخستنەوەیان زۆر هاسانەو بەڵگەی حاشالێنەکراو بۆ ڕەتکردنەوەیان هەیە. بۆ وێنە حیزبی دیموکراتی کوردستان دەتوانێ بیسەلمێنێ دوو کەس لەوانەی لە فیلمەکەدا وەک کەسی بەشدار لە کوشتنەکەدا ناویان هاتوە، نەک هەرلە کاتی کوژرانی هاشم زەیناڵی دا، لە شوێنی ڕووداوەکە نەبوون بەڵکوو هەر لەنێو خاکی ئێرانیش دا نەبوون. کادرێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش کە موستەنەدی وەزارەتی ئیتلاعات وەک ئەڵقەی سەرەکیی نێوان کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانو گیراوانی تاوانبارکراو بە کوشتنی “هاشم زەیناڵی” ناوی دەبا، نە ئەو کاتو نە دواتر هیچ کارو بەرپرسایەتییەکی لەو کۆمیسیۆنەدا نەبووە بەڵکوو کادری ڕاگەیاندنی حیزب بووە. تەنیا دەلیلی موستەنەدسازەکان بۆ ناوهێنانی دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ ئەو ڕووداوەدا، ئەوەیە کە هەر دوویان خەڵکی گامێشگۆلینو ئەو کات، لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دا بوون.
لە کۆتایی ئەو ڕوونکردنەوەدا هاتووە؛
حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەر چەشنە دەست تێدابوونی دامەزراوەکانو تێکۆشەرانی خۆی لە کوشتنی هاشم زەیناڵیدا، ڕەت دەکاتەوە. هەر لەو کاتەدا گرتنو ئازارو ئەشکەنجەی ژمارەیەک لە لاوانی خەڵکی گامێشگۆلیو ئێعتراف وەرگرتنی زۆرەملی لەوان بۆ ئەوەی کوشتنەکە بخەنە ئەستۆی خۆیانو حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە توندی مەحکووم دەکا. حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەو حوکم و سزایانەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، کە لە سەر بناغەی دانپێدانانی زۆرە ملیو لە ژێر ئازارو ئەشکەنجە دا، بە سەرگیراوەکانی دا سەپاندوون بە ناڕەواو زاڵمانەو بێ ئیعتیبار دەزانێ.
شایانی باسه کەماڵ ئەحمەدنژاد مەحکوم بە ئیعدام کراو. نێوەڕاستی بەفرانباری ئەمساڵ لە نامەیەکدا بۆ عاسمە جەهانگیر باسی ئەشکەنجە و فشار لە کاتی دەستبەسەری و دانپێدانانی تلوێزیۆنی کردبوو و ڕایگەیاند؛ “من بێ تاوانم و ناوەندە ئەمنییەکان خهریکن دهمکهنه قوربانی!.”











