وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە کردەوەی دەوڵەتی سوید لە ڕێکخراوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بە توندی هەڵویستی گرت.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، پێشکەش کردنی رەشنووسی بڕیارنامە لە بارەی پەروەندی مافی مرۆڤ لە ئیران لە لایەن دەوڵەتی “سوید”ەوە مەحکوومکرد و، بە توندی لەو بارەوە هەڵوێستی گرت.
دەوڵەتی سوید لە تازەترین کردەوەی خۆی رەشنووسی بڕیارنامەی دژی کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە ڕێکخراوی وڵاتە یەکگرتووەکان کردوەو، کۆماری ئیسلامیی ئیرانی بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە قەڵەم داوە.
لەو پێوەندییەدا بەهرام قاسمی ڕایگەیاند کە ڕەشنووس، بابەتێکی تازە نیەو، پێوەندی بەسەردانەکەی ئیستیفان لۆڤین، سەرۆک وەزیری “سوید”وە نیە.
سەردانی شاندێکی سویدی لە ئێران لە نێوخۆی وڵات و لە دەروەش ، کاردانەوەو رەخنەی لێکەتەوە.
میدیاکانی نێوخۆی ئێران دەسکەوتی سەردانی ئیستیفان لۆڤین سەرۆک وەزیری سوید تەنیا بڕیارنامەیەک بە دژی کۆماری ئیسلامیی”یان باس کردو، ناوەندەکانی مافی مرۆڤیش سەبارەت بە هەڵسوکەوتی بەپێچەوانەی شاندی سویدی لە ئێران رەخنەیان لەو وڵاتە گرت.
رەخنەگران لەسەر ئەوباوەڕەن کە دەوڵەتی سوید بە مەبەستی ئابووری پێی لەسەر پرنسیپەکانی ناوەو، ژنانی بەشداربوو لە هەیئەتی سویدی لە چاوپێکەوتنەکاندا سەرپۆشیان لەسەر کردوە.
شایانی باسە نزیک بە دەرۆژ لەمەوپێش شاندێکی سویدی پێکهاتوو لە نوێنەرانی چەندین کۆمپانیای ئەو وڵاتە بە مەبەستی گرێبەستی ئابووریی بەسەرپەرەستی سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە سەردانی وڵاتی ئێرانیان کرد.
کە ئەم سەردانە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگدانەوەی جۆراجۆری لێکەوتەوە و، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ژنانی سەرپۆش لەسەر، کۆرکۆبوونەوەکانی سویدی بەتایبەت پارتە فمنیزمەکان بەتوندی ئەو هەڵسوکەوتەیان مەحکووم کرد.