بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری بۆکان، پێشنیوەڕۆی رۆژی ٢ی رەشەممە خەڵکی بۆکان بە نیشانی نارەزایەتی دەبڕین سەبارەت بە کەمکاریی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی شارەداریی ئەوشارە، خۆپێشاندانیان کرد.
خەڵکی شاری بۆکان لە بەردەکی بینای شارەداریی ئەو شارە بە نیسبەت کەمتەرخەمیی شارەداریی و نالەباری دۆخی شەقام وکۆڵانەکانی ئەوشارە بەتایبەتی وەداوکەوتنی ئاسفاڵت کردنی شەقامەکانی ناوەندی شار و خراپی وتێکچوونی ئاسفاڵتی شەقامەکانی ئینقلاب وچەندین کۆڵان و شەقامی دیکە، هەروەها نەبوونی پێڕاگەیشتنی پێویست و گرانی نرخی سووتەمەنی و زۆربوونی “عەوارزی” شارەداریی و چەندین گرفتی دیکە گردبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد.
خۆپێشاندەران بەرپرسانی شارەداریی وشووڕای ئەو شارە بە دەستوپێوەندییان لە گەندەڵیی ماڵی تاوانبار دەزانن، هەربەو بۆنەوەی بەشێک لە دوکاندارو شوفێر تاکسییەکانی شاری بۆکان، بە دروشمدان خوازیاریی دەست لەکارکێشانەوە بەرپرسانی شارەداریی و شوورای شاری ئەو شارە بوون.











