وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بەرانبەر بە داواکاریی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە ئازادکردنی مەهدی کەڕۆبی و مێرحسێن مووسەوی و زەهرا رەهنەوەرد، دژایەتی کرد و بە توندی هەڵوێستی گرت.
مارک تونێر، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان بە بۆنەی شەشەمین ساڵی “حەسەری ” مەهدی کەڕۆبی و مێرحسێن مووسەوی ، دووبەربژێری ناڕازی لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ کە لە ماڵی خۆیاندا زیندانی کراون ، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەوبارەوە خوازیاری ئازادکردنی ئەو “سێ کەسەو ، سەرجەم ئەو جیابیرانەی کە بە شێوەی نادادپەروەرانە دەسبەسەرکراون” کرد بوو.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بە هەڵوێست گرتن و بەرپەرچدانەوە بە داواکارییەکەی دەوڵەتی ئەمریکا رۆژی ٢٧ی رێبەندان رایگەیاند:دەوڵەت و میللەتی ئێران ئەزموونی تاڵ وناخۆشیان لە دەستێوەردانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا هەیە و ئێران بە هیچ جۆر مل بەو داواکاریانە نادا.
لە لایەک دیکەش مارک تونێر لە بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بەوە کە ئەو سێ دەسبەسەر کراو مەهدی کەڕۆبی و مووسەوی و زەهرا رەهنەوەرد” بێ پێڕاگەیاندنی تاوانەکانیان” لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر کراون و درێژەدانی ئەو جۆرە زیندانی کردنە دژایەتی هەیە لەگەڵ ئەرکە نێونەتەوەییەکانی دەوڵەتی ئێران، چونکە مادام ئێران کۆنواسیونی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی واژۆ کردوە، دەبێ پابەند بێ بەو پرنسیپانەو واز لە دەسبەسەرکردنی سەرەرۆیانە و نا عادڵانە بهێنێ.
لە درێژەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستە کە ڕێز لە مافی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکانی هەموو شارۆمەندانی خۆی بگرێ و بە پێی دەروەستبوونی نێونەتەوەیی، کە یەکێک لەوان دابینكردنی ئازادی سیاسییە، بجولێتەوە و بەستینێک لەبار ئامادە بکا کە هەموو هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بەبێ ترس ولەرز لە دەسبەسەرکردن، چالاکیی سیاسیی بکەن و، سووکایەتیان پێ نەکرێ.
مێرحسێن مووسەوی، زەهرا رەهنەوەرد و مەهدی کەڕۆبی رێبەرانی نارازییان لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ساڵی ٨٨، لە رێبەندانی٨٩ بەولاوە بە بێ دادگایی کردن لە ماڵی خۆیان زیندانی کراون.
رێبەری ناڕازییان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی١٣٨٨ی هەتاوی چەندین جار خوازیاری دادگای کردنی خۆیانن، بەڵام بە گوتەی عەلی موتەهەری نوێنەری مەجلیس و چەند بەرپرسێکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ،خامنەیی رێبەری نیزام تاکوو ئێستا لە هەر چەشنە دادگایی کردن یان، ئازاد کردنیان دژایەتی کردوە.