بەڕیوەبەرانی کۆڕی فیڕکاری و فەرهەنگیی ئەدەب لە شاری بۆکان کۆڕێکیان بۆ یادکردن و باس کردن لەسەر مامۆستا رەسووڵرەش ئەحمەدی ناسراو بە “هەڵوەدا” بەڕێوەبرد.
لەو کۆڕیادەدا کە بە پێی ئاگاداریی پێشوو بەڕێوەچوو، بەشێکی بەرچاو لە ئەدەبدۆستان و قەڵەمبەدستانی بۆکانی تێیدا بەشدارییان کرد.
پاشنێوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندان هۆگرانی ئەدەبیاتی کوردی لەشاری بۆکان یادی مامۆستای کوچکردوو رەسووڵ رەش ئەحمەدی”یان کردەوەو لەو کۆڕیادەدا هەرکام لە بەڕێزان حسێن شێربەگی، سەیدیاسین قورەیشی، مستەفا ئێلخانیزادە، و سەعید نەجاری ناسراو بە “ئاسۆ” لە سەر کەسایەتیی ئەدەبی وهونەریی مامۆستا هەڵوەدا قسەیان کردو، بۆ بەرزراگرتنی یادی “خاوەنی شکۆی ئەوین” لە کۆڕی عاشقانی ئەدەب و وێژەی کوردییدا چەند پارچە شێعرێک خوێندرانەوە.
شایانی باسە رەسووڵ رەش ئەحمەدی لە بەرەی دوویەمی شاعێرانی کلاسیکبێژی موکریان، دوای ٥دەیە خزمەتی بە پێت بە ئەدەبی و شێعری نەتەوەیی لە رۆژی ٢٥ی رێبەندان لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هەروەها لە درێژەی چالاکییەکانی کۆڕی فێرکاری وفەرهەنگیی”ئەدەب” لە شاری بۆکان بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتووش کۆڕێک بە مەبەستی رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی بەڕێوە بچێ.