رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی فێبریواری ٢٠١٧ی زایینی، لەسەر بانگهێشتی رەسمی رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران- کۆمەڵە هاورێیانی بەشی پەیوەندییە کوردستانیەکانی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە فینلاند بەشداری ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەیان کرد. لەو ڕێوڕەسمە دا کە لە شاری هێڵسینکی بەڕێوەچوو، پەیامی پیرۆزبایی کومیتەی حیزب لە لایەن هاورێ کەریم رەسووڵی بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەی فینلاند خوێندرایەوە.
پەیامی کۆمیتەی حیزب وێڕای ئاوردانەوە لە گۆرانکاریەکانی ناوچە وپێشهاتەکان، داوای لە هەموو حیزب ورێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە زیاتر بەرەو کاری هاوبەش هەنگاوی جیددی هەڵێنەوە، هەروەها بۆ جارێکیتر روانگە و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هێنایەوە بەرباس کە لەگەڵ پێشوازی بەشداربووان بەرەوڕوو بوو.
هەر لەو مەراسیمەدا هەیئەتی پێوەندیەکانی حیزب لە فینلاند لە دانیشتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دۆستانی کۆمەڵە، لەسەر کۆمەڵێک باسی رۆژ بیروڕایان ئاڵوگۆر کرد.
شایانی باسە کە هاورێیان کەریم رەسووڵی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکان و محەممەد پوزش ئەندامی کۆمیتەی حیزب بەشداری ئەو ڕێورەسمەیان کرد.