رۆژی پێنجشەممە ٢١ی رێبەندان، هاوڕێ کاک “حەمە گۆران” پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و برای شەهیدان “سمایل گۆرانزادە و هەمزە گۆرانزادە”، کۆچیدوایی کرد.
بەم بۆنەوە دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ۲۲ی رێبەندانی ۱۳۹٥ی هەتاوی، کۆمیتە ناوچەی ناوەڕاستی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئامادە بوونی هەریەک لە “دڵپاک گۆرانزادە” “دڵنیا گۆرانزادە” کچانی هاوڕێی کۆچکردوومان و بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کورستان و کوردانی دانیشتووی شاری ترۆندهایم، رێوڕەسمێکی یادکردنەوە بۆ پێشمەرگە و شۆڕشگێری لەمێژینەی گەلەکەمان کاک “حەمە گۆران” پێک هێنا.
سەرەتا رێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتیی “ئەی رەقیب” دەستی پێ کرد و پاشان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، لە لایەن هاوڕێ جەماڵ ئیبڕاهیمی بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ناوەڕاستی نۆڕوێژی حدک، چەند ساتێک بێدەنگی راگەیەندرا.
دواتر راگەیەندراوی کۆمیسیونی سیاسی ـنیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە لە لایان هاوڕێ “ئاکام خۆسرەوی” خوێندرایەوە. لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا، بەڕێز “کامیل ئوستاد ئەحمەدی” هاوڕێ و دۆستی نیزیکی بنەماڵەی “گۆرانزادە”، چەند وتەیەکی سەبارەت بە تێکۆشەر “حەمە گۆران” و زیاترلە سێ دەیە خەبات لەنێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
دواتر بە ناوی بنەماڵەی “گۆرانزادە”وە، خاتوو”دڵنیا گۆرانزادە” لە پەیامێکدا، سوپاسی بەشداری و هاوخەمیی ئامادەبووانی کرد.