عەبدولرەزا کەریمی ناسراو بە ” کاک ئەبوو کەریمی” تێکۆشەری دێرینی دێموکرات و مێژووناس و شرۆڤەکاری سیاسیی کورد، رۆژی ٢٥ی ڕیبەندان لە وڵاتی ئاڵمان دوای ماوەیەک نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
عەبدولڕەزا کەریمی کوڕی “محەممەدعەلی” لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە شاری کرماشان بوو.
ناوبرا دوای تەواو کردنی خوێندن، لە بەشی مێژوودا لیسانسی وەرگرت و کاری دەبیری و مامۆستایەتی لە شاری مەریوان دەست پێکرد.
شایانی باسە لە پەنای ئەرکی مامۆستایەتیدا دەوری شیاوی لە ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی و قوتابیان و زیاتر ئاشناکردنیان بە ماف و ئازادییەکانیان و خەبات دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی گێڕا و بە ڕاشکاوی تێکەڵاوی کار و چالاکیی سیاسی بوو.
ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتەوە تا دوایین چرکەی ژیانی بە ڕیبازی دێموکرات وەفادار مایەوە
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەیەوە وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک ئەبوو کەریمی و سەرجەم هاوسەنگەرانی، خۆی بە هاوخەم و شەریکی خەمیان دەزانێ.