رەسووڵ ڕەش ئەحمەدی ناسراو بە “مامۆستا هەڵوەدا” دوای ماوەیەک بەربەرکانی لە گەڵ نەخۆشی رۆژی ٢٥ی رێبەندان بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کردو، کۆڕی هۆگرانی وێژەو ئەدەبی کوردیی بەجێهێشت.
مامۆستا هەڵوەدا نووسەر وشاعیری بە ناوبانگی کورد دانیشتووی شاری مەهاباد لە زێدی لە دایکبوونی خۆی کۆچیدوایی کرد.
شکۆی ئەوین، خەزینەی بزە ، شارۆچکەی شادی و بەرخۆڵە. چەند بەرهەمی بەنرخی ئەو نووسەر وشاعیرە جواننووسەن کە پێشکەشی کردوە بە کتێبخانەی کوردی و، هەروەها خاوەنی چەندین بەرهەمی دیکەی کە بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پشتیوانەیەکی ماڵی تاکوو ئێستا لەچاپ نەدراون.
مامۆستا رەسووڵ رەش ئەحمەدی وەکوو هونەرمەندێکی لێهاتوو پتر لە سەد چیرۆک
شانۆنامەی نووسیوە کە بە هونەرمەندی هونەرمەندانی مەهابادی لە دەنگ ورەنگی ئەو شارە نواندراون و، دەرخەری توانایی و لێهاتوویی ئەو نووسەرە کوردەن لە بوارە جیاجیاکاندا.
مامۆستا هەڵوەدا نزیک بە ٥دەیە خزمەتی بە ئەدەب وفەرهەنگی نەتەوەکەی کردو، لە رۆژی ٢٥ی رێبەندان دوای بەجێهێشتنی کۆمەڵێک بەرهەمی بەنرخ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندنی هەواڵی “کوردستان و کورد” وێڕای دەربڕینی پەژارە و پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم بنەماڵەی مامۆستا هەڵوەداو، کۆمەڵگەی ئەدەبدۆستانی کورد، خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ