ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ ـ ٠٢ ـ ٢٠١٧ کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد کۆنفرانسی ساڵانەی خۆیان بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی سەر بە ڕێکخراوەکەیان لە شاری ڤێسترۆسی سوئێد بەڕیوە برد.
بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بیدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان کۆنفرانس دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
سەرەتا خاتوو سکاڵا بەرنامەی کاری کۆنفرانسی پێشکەش کرد و داوای لە بەرێوەبەرانی دیوانی یەکەم خاتوو شیلان ساڵحی و خاتوو شلێر ڕەستگار کرد کە درێژە بە کاری کۆنفرانس بدەن.
دواتر دیوان داوایان لە خاتوو تارا عەزیزی کرد کە بێت و راستەوخۆ کۆنفرانسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بکاتەوە.
خاتوو تارا عەزیزی باسی خۆی لە سەر چۆنیەتی تابۆ شکاندنەکان و گۆرینی کولتور و فەرهەنگە خەراپەکان دەست پێکرد و گووتی:
خاتوو تارا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی دا گوتی: ئەمن شانازی دەکەم کە لێرە و لە کۆنفرانسی رێکخراوەیەک دا بەشدارم کە حەفتا ساڵ پێش ئێستا لە کوردستان دامەزراوە، لە سەردەمێک دا کە خەڵکی خوێندەوار زۆر کەم بووە و بەتایبەت لە نێو توێژی ژن دا، ئەم هەڵوێستە واتە دامەزرانی ڕێکخراوی ژنان لەو سەردەم دا و لە جێدا هەڵوێستێکی گەلێک گرینگ و موهیمە و ئەوە کە ئینسان بتوانێ چالاک و ئاکتیڤ بێ و ڕێکخراو دابمەزرێنێ و لە چوارچێوەی ڕێکخراودا خۆی ئۆرگانیزە بکات نیشانەی پێشکەوتووییە.
لە درێژەی کاری کۆنفرانس دا، خاتوو موژدە عەزیزی پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بۆ ئەم کۆنفرانسە نێردرابوون، پێشکەش کرد.
دوای خوێندنەوەی پەیامەکان دیوان داوای لە خاتوو لەیلا محەممەدی بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە سوئێد کرد کە بێت و باسەکەی خۆی پێشکەش بکات.
خاتوو لەیلا محەممەدی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی بەرێوەبەری ڕاپۆرتی کار و چالاکی نێوان دوو کۆنفرانسی بە وردی خوێندەوە، لە راپۆرتەکە دا ئاماژەی بە هەموو کار و چالاکییەکانی نێوان دوو کۆنفرانس کرابوو و بە گشتی ئاوڕ لە کار و تێکۆشانی کۆمیتەی شارەکان و کۆمیتەی بەرێوەبەری و بە تایبەت سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و هەروەها دیدار و چاو پێکەوتنەکان و شەوە کولتوری و شەو ئاهەنگەکان درابۆوە و تێشک خرابوو سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکان و لەو پەیوەندییەدا چەند خاڵ وەک پێشنیار بۆ کاری داهاتووی یەکیەتیی ژنان پێشنیار کرابوون.
دوای ئەم بەشە داوا لە خاتوو نەدا شابازی بەرپرسی دارایی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە سوئێد کرا کە راپۆرتی دارایی نێوان دوو کۆنفرانس پێشکەش بکات.
پاشان داوا لە ئەندامانی بەشدار کرا کە ناوی خۆیان بنووسن و لە سەر هەر دوو ڕاپۆرتی کارو چالاکییەکان و ڕاپۆرتی دارایی و هەروەها کاری ڕێکخراوەیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان قسە بکەن و بە پرسیار و تێبینی و پێشنیار و ڕەخنەکانیان کۆنفرانسەکە دەوڵەمەندتر بکەن. لەم بەشەدا چەندین کەس لە بەشداران بە دوور و درێژی باسەکانی خۆیان پێشکەش کردن و چەند پێشنیاری بەکەڵکیش بۆ کاری داهاتووی کۆمیتە لە لایەن بەشدارانەوە قسەیان لە سەر کرا و دواتر وەک بریاری کۆتایی بۆ کۆمیتەی داهاتوو ئامادە کران.
لەم بەشەدا خاتوو شلێر حەسەنپوور بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، وێرای دەربرینی خۆشحاڵی لە گرتنی کۆنفرانس و بەشداری چالاکانەی ئەندامان لە کۆنفرانس دا، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە کۆنفرانس دا لە لایەن بەشدارانەوە رووبەرووی کۆمیتە کرابوونەوە، هەر لەم بەشەدا زۆر بە وردی باسی لە کاری ڕێکخراوەیی و شێوەی پەیوەندییەکان و نووسینی پڕۆژەکانیان بۆ کاری ڕێکخراوەیی کرد و باسێکی لە سەر بەرنامە و ئەساسنامەی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە سوئێد کرد و پێداچوونەوەیان لە سەر چەند خاڵی بەرنامەکە کرد.
لە بەشی کۆتاییدا چەندین کەس لە بەشداران خۆیان بۆ کاری داهاتووی ئەو ڕێکخراوەیە بەربژێر کرد و دوای هەڵبژاردنی دەستەی نوێ بۆ کاری داهاتووی کۆمیتە، خاتوو چنوور ئەکبەرپوور بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی پێشوو و کۆمیتەی نوێ، سوپاسنامەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی لە ئاست بەشداری چالاکەنەی ئەندامەکان لە کار و چالاکییەکان دا پێشکەش کرد و بەم چەشنە کۆنفرانس کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.