خالید عەزیزی لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ بینەرانی کوردکاناڵ کۆمەڵێک پرس و مژاری خستەبەرباس و بە وردی وڵامی پرسیاری هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سکرتێری و کۆمەڵێک گرفتی سەر رێی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی خستە بەر باس و هەڵسەنگاندنی بۆ کرد.
هاورێ خالید عەزیزی بە ئاوردانەوەیەک لە سەرەتای بەسەر کارهاتن و دەسەڵاتداریەتیی لە پۆستی سکرتێری لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا پلان و بەرنامەکانی خۆی بۆ بەرەو پێش بردنی حیزبی دێموکرات شی کردەوەو لەسەر پرسی یەکگرتنەوەدا بە بەبایەخەوە باسی کردو گوتی؛ ئەولەویەتی یەکەمم چارەسەری کێشەی دێموکراتەکان و وەسەر یەکخستنەوەی هەر دووباڵی دێموکرات بوو، کە ببێتە ئادرەسێکی بەهێز بەرانبەر بە پرسی سیاسی کورد لە ئێران.
ناوبراو لەو بارەوە کە لە ماوەی سکرتێری خۆی دا و سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی دێموکرات چەند سەرکەوتوو بووە بە ڕاشکاوانەوە ڕایگەیاند؛
“تا ئەو جێگەیەک پێوەندی بە منەوە هەبوو بە شاهیدی هەموو خەڵکی کوردستان و ئەندامانی هەردوولای دێموکرات من زۆری پێوە ماندوو بووم و، سەرەڕای رەخنەکان لەسەر من، تەنانەت لە نێو حیزبەکەی خۆیشم بەڵام زۆر هەوڵم دا تا جێگەیەک ئامادەبووم بە مەبەستی چارەسەری ئەو کێشەیە واز لە پۆستی خۆم بهێنم”.
خالید عزیزی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دا و ، گوتی: جیا لەوەی لایەنی بەرانبەر نەخشەڕیگا و گەڵاڵەیەکی بە نووسراوەیان تا ئێستا نەبووەو بە خەمساردییەوە هەڵسوکەوتیان کردوەو،لەم دواییانەدا شێوە سیاسەت کردنی منیان و لێدوانەکانم لە میدیاکانیان کرد بە بیانوویەک بۆ پەکخستنی دانیشتن و، گفتوگۆکانی یەکگرتنەوە.
ناوبراولەوبارەوە گوتی: لە دواییانەدا ئەو باس و بابەتانەی کە من هێناومە گوڕێ و زۆرشتێکی ئاساییە بۆ حیزبێکی سیاسی کە خوێندنەوەو سیاسەت و پلانی جۆراجۆری هەبێ، بەڵام لایەنی حدکا ئەوەیان زۆر گەورە کردەوەو، کردیان بە بیانوویەک و لەمپەڕێک سەررێی چارەسەری کێشەی دێموکراتەکان.
خالید عەزیزی بە شروڤەکردنی سیاسەت و روانگەی خۆی و مێژووی سیاسەت کردنی حیزبی دێموکرات بەرانبەر بە ئێران و کوردستان کۆمەڵێک رەخنەی لەسەر ئۆپۆزسیونەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خستە بەرباس گوتی: ئەمرۆکە بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزسیونەکان خوێندنەوەیەکی واقعبینانەیان لە هەلومەرجی سیاسی ئیراندا نیە.
ناوبراو لەسەر ئەوەی کە ویستی سیاسیی بزووتنەوەی کوردی دەبێ بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی خوی بێ لە ئێران، پێداگریی کرد و، لەوبارەوە گوتی؛ قبووڵی واقعیەتی سیاسی دەلیل بەر نائومێدی نیە، بەڵکوو بەرچاو روونی دەبەخشێ و دەبێ هەوڵی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی حیزبی دێموکرات ئەوە بێ کە کاریگەریی هەبێ بەسەر حکومەتی ناوەند ، هەتاکوو دەوڵەتی تاران گوێ بە داواکارییە رەواکانمان بدا و، بەدوای کۆمەڵێک دروشمی ناسیاسی نەکەوین.