نوێنەری شارەکانی سەقزو بانە لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ڕایگەیاند؛ رێژەی بێکاری لە شارەکانی کوردستان ئیگجار زیاترە لەو ئامار و رێژەیە کە بڵاوکراوەتەوە و بێکاری لە کوردستان گەیشتووتە ئەو پەڕی خۆی.
بە پێی ڕاپۆرتی موکریان ، موحسێن بێگلەری لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ خەڵکی ناوچەی سنووریی ننووری بانە، بە ئامادەبوونی پارێزگاری سنە، لە قسەکانی دا ریژەی بێکاری بڵاوکراو لە کوردستان و بە تایبەتی لە شارەکانی پاریزگای سنە ی، بە ناراستی زانی و لەوبارەوە گوتی؛” بێکاری لە شارەکانی کوردستان گەورەترین گرفتی چارەسەرنەکراوەو، ئامارە بڵاوکراوەکان لەوبارەوە راست نین و رێژەی بێکاری لە کوردستان ئاستی زۆرترە لە ئامارانەیە کە لە لایەن ناوەندەکانی پێوەندیدار بڵاودەکرێنەوە.
موحسێن بێگلەری لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: هەلومەرجی ئابووری و دۆخی بێکاری لە شارەکانی کوردستان بە جۆرێکە کە زۆر کەس لە خەڵکی گوندنشین ئارەزوویانە بتوانن کۆڵبەری بکەن!
ناوبراو گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی بانە و بەتایبەتی گوندەکانی نزیک بەسنوور ، لە رێگەی بازارچەکانی سەرسنوورەوە بژیوی ژیانیان دابیندەکەن و سەرچاوەی داهاتە بۆ خەڵکێکی بەرچاو، پێویستە لە زووترین کات بازارچەکانی سەرسنوور رێکبخرێن وگرفتەکانی سەر رێی کاسبکارانی کورد چارەسەر بکرێن.
هەروەها باسی لەوە کرد کە کردنەوە بازارچەی سەیرانبەند ویستی خەڵکی ناوچەی بانەیە و، پێویستە ئەو بازارچەیە گرینگی زیاتری پێبدرێ و چونکە کرانەوەی بازارچەی سیرانبەند دەبێتە هۆی دەرفەتی کاریی و گەشەی ئابووری لە ناوچەی بانە.
ناوبرا نەبوونی کارخانە و ناوەنەکانی بەرهەمهێنەر لە شارەکانی کوردستان بە هۆکارێک زانی ، کە خەڵک رووبکەنە کاسبکاریی سەرسنوور.
نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لەو چاوپێکەوتنەدا داوای لە پارێزگاری سنە کرد ؛ کە پرسی کۆڵبەری لە زووترین کات چارەسەر بکرێ و رێگەو شوێنی گونجا وباشتر بگرنە پێش کە چیتر بە ئاسانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد نەبنە قوربانی.
ناوبرا بە ئاماژەدان بە کارەساتی گیانڵەدەستدانی کۆڵبەران و دەنگدانەوەی میدیایی پرسی کۆڵبەران لە ئاستی جیهان خوازیاری دابینکردنی پێدوایستییەکان بوو بۆ کاسبکارانی کوردی ناوچە سنوورییەکان.
موحسێن بیگلەری بە ئاماژەدان بە کارتی پیلەوەری لەو بارەوە گوتی : خەڵکێکی زۆر لە تاران و شارەکانی دیکە لە رێگەی کارتی پیلەوەرییەوە خەریکی بازرەگانی کردنن و، مانگانە بە میلیون داهاتیان هەیە، بەڵام هاووڵاتیانی کورد خەریکی بێگاری کردنن و. بوونەتە کۆیلەی چینی بازەرگان ، هەربۆیە داوکارم دەوڵەت بەجیددی ئەو پرسە چارەسەر بکات.
ناوبرا دەوڵەتاکانی پێشووی لەو بارەوە بە تاوانبارتر زانی.
نوێنەری شارەکانی سەقز وبانە بە باس کردن لەوە کە ناوچەی بانە جەمسەرێک ئابوورییە لە پارێزگای سنە و هەڵکەوتووی جوغرافیایی تایبەتی هەیە، پێویستە بۆ گەشەی ئابووری ئەو ناوچەیە کە کاریگەری دەبێ بەسەر شارەکانی دیکەی پاریزگای سنە گرینگی و بایەخی زیاتر بدرێ.