گرووپی هەڵپەڕکێی “نیشتمان” لە نێوان ٧٢ گرووپ لە ئاستی جیهاندا، وەک باشترین گرووپی سەماکار لە وڵاتی ڕووسیە هەڵبژێردرا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، لە فێستیڤاڵی فەرهەنگ و هونەر لە شاری سەنپیتێرزبۆرگی وڵاتی ڕووسیە، گرووپی هەڵپەڕکێی “نیشتمان”ی بۆکان، لە نێوان ٧٢ گرووپی بەشداربوو لە وڵاتانی جیهانەوە، وەک باشترین گرووپی سەماکار هەڵبژێردرا.
گرووپی هەڵپەڕکێی نیشتمان لە شاری بۆکان لەو فێستیڤاڵە جیهانیەدا بەشداری کرد و وەکوو باشترین گرووپی ئەو کێبڕکێیە لەلایەن لێژنەی داوەرانی ئەو فێستیڤاڵەوە هەڵبژێردران.
گرووپی هەڵپەڕکێی نیشتمان ساڵی ١٣٨٤ی لە شاری بۆکان دامەزراوە و لە ماوەی ئەم ١١ ساڵەدا توانیویەتی وەکوو گرووپێکی فەرهەنگی و هونەری، ڕۆڵێکی بەرچاو لە بووژانەوەی گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردیدا بگێڕێ.
شایانی باسە ئەو گرووپە لە چەندین چالاکیی هونەری لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا پلەی بەدەست هێناوە و زیاتر لە ٨٠ ئەندام پێک هاتوە.
جێی وەبیرهێنانەوە دامەزراندن و ڕێکخستنی گرووپی هاوشێوە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بۆ ڕاگرتن و ناساندنی کلتووریی کوردەواری لەسەر دەستی خەمخۆرانی کوردستانی بەتایبەتی شانۆکاری بەناوبانگی کورد، دکتور قوتبەددین سادقی هاتە ئاراوەو ئەو گرووپانە توانیویانە بۆ ناساندنی ئاستی شارەستانیەت وهونەری کوردی بە جیهان، دەور و رۆڵی باش بگێڕن.