وەزیری بێهداشتی ئێران داوای کردوە بەخشینی گورچیلە لە ئێران سەدی ٣٠٠ی زیاد بکا.
حەسەن هاشمی وەزیری بێهداشتی ئێران، داوای لە ڕاگەیەنەكانی ئێران كرد كە پڕوپاگەندە بۆ بەخشینی ئەندامانی لەش بە تایبەت گورچیلە بكەنو پەرە بەو فەرهەنگە پێبدەن، چونكی بەقسەی ناوبراو، هیچ چارەسەك جگە لە پڕوپاگەندە بۆ بەخشینی ئەندامانی لەش لە بەردەمدا نەماوەتەوە.
وەزیری بێهداشت هەروەها خوازیاری بەرز بوونەوەی سەدی ٢٠٠ تا سەدی ٣٠٠ بەخشینی گورچیلە بوو، بۆ ئەوەی بارودۆخی نەخۆشەکانی دیالیزیی لە ئێران كەمێك باشتر ببێ.
هاشمی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: ئێستا پتر لە ٢٥ هەزار نەخۆش لە چاوەڕوانیی پێوەندكردنی گورچیلە دان.
ناوبراو پشتڕاستی كردەوە كە، لە حاڵی حازردا كەسانێك لەم كۆمەڵگایەدا دەژین كە لە سەر ویستی خۆیان دەیانەوی گورچیلەیان بفرۆشن، هەر بۆیە ناكرێ بە زۆریو بە سزادان ڕێگری لە كڕینو فرۆشتنی گورچیلە بكەن.
وەزیری بێهداشت لە قسەكانی خۆیدا هیچ ئاماژەیەكی بە ئەنگیزە كۆمەڵایەتییەكان و هۆكارەكانی فرۆشتنی گورچیلەو باقی ئەندامانی دیكەی لەش لە كۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا نەكرد.
بەپێی ئاماری وەزارەتی بێهداشتی كۆماری ئیسلامی، ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار كەس لە ئێران نەخۆشیی گورچیلەیان هەیە، لەم ڕێژەیەش نزیكەی ٢٧ هەزار كەسیان ٣ جار لە حەوتوودا دیالیز دەكرێن.
هەر بەپێی ئەم ئامارانە، ساڵانە لە نێوان ٥ تا ٦ هەزار كەس بەم حەشیمەتە زیاد دەبن و بەپێی پێشبینییەكان، ژمارەی نەخۆشانی گورچیلە تا ساڵی ١٤٠٠، هەموو ساڵێ٩ هەزار كەسی دیكەی پێ زیاد دەبێ.
بەم حاڵەش، ئەوەی كە وەزیری بێهداشتی كۆماری ئیسلامی ئاماژەی پێ نەكرد پەرە سەندنی بازاڕی ناقانوونیی گورچیلە لە ئێرانە.
شایانی باسە هەژاری و ئیعتیاد دوو هۆكاری سەرەكین كە خەڵك ناچار بە فرۆشتنی گورچیلە دەكەن و زۆربەی ئەم كەسانەش كە گورچیلەیان دەفرۆشن لاوانی ١٨ تا ٢٥ ساڵن.