کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، بە هاوکاریی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی بەشکۆدا، یادی ٧١مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز راگرت.
رۆژی شەممە ٤ی فێورییەی ٢٠١٧ی زاینی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی چەند هێز و لایەنێکی کوردستانی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، بە هاوکاریی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە “سێشمۆکۆشە”ی پارێزگای “ئۆسڵۆ ئاکشهوس”، و کۆمەڵەی کلتووریی کوردیی رۆمەریکە، یادی ٧١مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان کردەوە.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب” کە لە لایان کۆرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، ئامادە کرابوو دەستی پێکرد.
پاشان لەلایەن پێشکەشکاری رێورەسمەکە هاوڕێ “سۆران مەحموودی”یەوە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان راگەیاندرا.
ئینجا پەیامی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ “هەمزە ئاگوشی” یەوە خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە هەلومەرجە ناوچەیی و نێونەتەوەییانەی کە بوون بە دەرفەتێک بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان، شوێنەوارو کاریگەرییەکانی بەسەر تاکی کورد و هێزە سیاسییەکانی کورددا خرابووە ڕوو کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئەوەی ئەو رووداوە مێژووییە لە بۆنە نەتەوەییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، کۆمەڵێک کاریگەریی ئەرێنییە بەسەر تاکی کورد و هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکانیدا کە لە مێتۆد و فۆڕمی جۆراوجۆردا خۆ دەنوێنن و بە ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو و هەڵوەستە لەسەر کردنێک، ئەم گرینگییەمان بۆ دەردەکەوێ. لەو پەیامەدا ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان درابوو و تێیدا هاتبوو: ” ئێمە وێڕای تەقدیر و پێزانین و ماندوونەبوونی و دەستخۆشی لە بەرێز خالید عەزیزی کە ماوەی ١٠ ساڵ لە پۆستی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئەرکی خۆی زۆر سەرکەوتووانە بەرێوە بردووە، هاوکات پیرۆزبایی لە بەڕێزان کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی و دکتور ئاسۆ حەسەنزادە جێگری سکرتێری گشتی دەکەین کە لە هەڵبژاردنێکی دێموکراتێکی سەردەمییانەدا سوکانی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتیان پێ ئەسپێردرا و دڵخۆش و بەختیارین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، دوور لە دروشمی بریقەدار، باوەڕی قووڵی بە ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک و دەستاودەستکردنی دەستەڵات هەیە و ئەمەشی بە کردەوە لە ریزەکانی خۆیدا تەجرووبە کردووە و نیشانیدا کە جگە لە خەبات و قوربانیدانیدان و تێکۆشانی دەیان ساڵەی، لە نوێکاری و کلتوورسازیی سیاسیی ئەرێنیشدا هەر پێشەنگە و هەر پێشەنگییش دەمینێنتەوە.
بە دوای پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ، پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کوردیی “رۆمەریکە” لە لایان خاتوو “مەحبووبە رەحیمی”یەوە خوێندرایەوە.
لێژنەی ناوچەی نۆڕوێژی پارتی دێموکراتی کوردستان ،ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە نۆڕوێژ و کۆمیتەی نۆڕوێژی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەر یەکەیان بەو بۆنە پیرۆزەوە پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. دوایین بڕگەی ئەو رێوڕەسمە، تایبەت کرابوو بۆ بەشی هونەری و هەر یەک لە هونەرمەندانی دەنگخۆش “باوان کەریمی و بێهروز لوتفی و هوشیار ئیبراهیمی” بە هاوکاری مووزیکژەنی “پێشڕەو” چەندین گۆرانی تایبەتیان پێشکەش کرد.