سه‌رله ئێواره‌ی ڕۆژی ڕابردوو محه‌ممه‌دئه‌مین ئاگوشی به‌ندكراوی سیاسیی كورد، له زیندانی ته‌ورێز مه‌ره‌خه‌سی پێدرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی هێرانا، له ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه تا 5 ڕۆژی دیكه مه‌ره‌خه‌سی پێدرا.
پێشتر كۆمیسیۆنی لێبوردنی ناوه‌ندی له تاران دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ داواكاریی ئاگوشی كردبوو. له حاڵێكدا دژایه‌تی له‌گه‌ڵ داواكاریی ناوبراو كرابوو كه دادسه‌رای نیزامیی له ورمێ سه‌باره‌ت داواكردنی به لێبوردنی ناوبراو ڕه‌زامه‌ندیی خۆی ده‌ربڕیبوو.
محه‌ممه‌دئه‌مین ئاگوشی، ڕۆژی ١ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ٨٦ به تۆمه‌تی سیخوڕی و هاوكاریكردن له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان ده‌سبه‌سه‌ركرا. ناوبراو ماوه‌ی ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ له ژووری تاكه‌كه‌سیی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زانی سپای پاسداران له ورمێ لێكۆڵینه‌وه‌ی لێكرا و پاش تێپه‌ڕبوونی‌٨مانگ به دانانی بارمته‌ی ١٥٠ میلیۆن تمه‌نی له‌لایه‌ن لقی 2ی دادسه‌رای نیزامی له ورمێ ئازاد كرا.
له مانگی بانه‌مه‌ڕی ساڵی ٨٦ له دادسه‌رای نیزامیی شاری ورمێ ماوه‌ی ٤ مانگ به‌رده‌وام دادگایی كرا و به تۆمه‌تی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا حوكمی گولله‌بارانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا و پاش ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌و حوكمه، په‌روه‌نده‌ی ناوبراو بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردرا و به پێی ماده‌ی ١٠٩ی قانوونی بنه‌ڕه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران حوكمه‌كه‌ی وه‌ك خۆی ته‌ئیدكرایه‌وه.
هه‌روه‌ها له ساڵی ٨٩ دووباره‌ی پاش ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆر په‌روه‌نده‌كه‌ی بۆ لقی٣١ی دیوانی باڵای ئێران نێردرا و حوكمی ئێعدام له ڕێگه‌ی گولله‌باران بۆ ١٠ ساڵ زیندانی ته‌عزیری و دوورخراوه‌یی كه‌مكرایه‌وه.
ناوبراو له مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ٩١ بۆ زیندانی زاهیدان دوورخرایه‌وه و پاش یه‌ك ساڵ له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی دادستانی دادسه‌رای نیزامی بۆ مه‌ره‌خه‌سێ نێردرا.
شایانی باسه كه مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ، محه‌ممه‌دئه‌مین ئاگوشی له‌گه‌ڵ ئیره‌ج محه‌ممه‌دی له زیندانی زاهیدان بۆ زیندانی ته‌ورێز گواسترانه‌وه.