بە پێی ڕاپۆرتی راگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی پاسدار خێروڵڵا ئەحمەدی فەڕ ئەندامی تیپی سپای پاسدارانی پارێزگای کرماشان بە هۆی کەوتنە نێو تەڵەی ئینفجاری لە ناوچەی تەلعفەر نزیک بە شاری موسڵ گیانی لەدەستداوە.
بەشداریی کردنی سپای پاسداران لە ئاژاوەنانەوە لە دوو وڵاتی سووریە و عێراق تاکوو ئێستا بە هەزاران پاسدارو ئەندامی ئەو ڕیکخراوەیە کردووتە قوربانی.
بەشێکی زۆر لە فەرماندەو، پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراق بە هاوکاری حەشدی شەعبی لە ناوچەی تلعفەری موسڵ خەریکی کێشەنانەوەن.
زانیارییەکان باس لەوەدەکەن هێرش کردن بەسەر خەڵکی بێتاوان و تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی سوننی مەزهەبی دەوروبەری موسڵ کاری سەرەکیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ سەرهەڵدانی حەشدی شەعبی بەشێکی زۆر لە خەڵکی عێراق ، هاوکات لەگەڵ چەندین کەسایەتی ونوێنەر پارلمانی ئەو وڵاتە خوازیاری ئەوەن کە لە ناوچە سوننی مەزهەبەکان دوور بخرێنەوە.
لە لایەک دیکەش ئەگەر ئەوە هەیە کە حەشدی شەعبی وەک رێکخراوێکی نیزامی وبناژۆخوازی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرام ، بۆ داهاتووی ئەمنی و سیاسی وڵاتی عێراق مەترسیدار بێ.
هەروەها سپای پاسداران چەند ساڵە لە وڵاتی سووریە بووتە هێزێکی سەرکوت کەر و دەستی لە کاولاش کردنی سووریەدا هەیە.