لە ژووری ئاشپەزخانە دانیشتبووم و سەرقاڵی نووسین. دەنگی قاڕه‌قاڕی دوو قشقهڵه دەهات. لەسەر داربەڕووی بەر پەنجەرەکەم شەڕیانبوو. پاش تاوێک بە سەرکەوتنی یەکیان کۆتایی هات. قشقه‌ڵه‌ی سەرکەوتوو لەسەر دارەکە مایەوە و ئەوەی دیکە بەرەو دارستانی ئەوبەر جادە فڕی.
قشقه‌ڵه‌ی سه‌رکه‌وتوو هه‌ر لەو ڕۆژەوە دەستی بە کۆکردنەوەی چینه و پووشوپەڵاش کرد. چەند ڕۆژ دواتر هێلانە ئامادەبوو و تێیدا دامەزرا. دیاربوو جووتی خۆیشی دۆزیوه‌ته‌وه. زۆری نەخایاند کورک بوو. دیسان قاڕه‌قاڕی ئه‌و سرنجی ڕاکێشام. یەک لە بێچووەکان کاتی فڕین کەوتبووە خواره‌وه. لە چیمەنی بەر پەنجەرە دەخولایەوە. دایکی هاواری لێهەستابوو و وێدەچوو هەستی بە بوونی پشیلە لەو دەوروبەرە کردبێ. یەک دوو بیسکویتم هاویشتە بەردەم جوجکەکە. دایکی هات بۆلای و خەریکی خواردن بوون. جاروبار لەسەر چیمەن فێری فڕینی دەکرد. هەرهەمووی ئەو دیمەنانە به‌لامه‌وه جوان بوون. سۆز، ترس و دڵەڕاوکە، بەرپرسیاریەتی و کۆڵێک ئەزموونی دایک بۆ بێچووەکە.
دوو ساڵە لەگەڵ ئەو قشقهڵهیه دراوسێم. جاروبار دێتە سەر لێواری پەنجەرەی ماڵەکەم. دەزانم برسییەتی و بە یەک دوو لەتکە بیسکویت ڕازی دەبێ. یەک دوو مانگ لەوە پێش دیسان لەسەر دار شەڕە دەنووکی لەگەڵ قشقهڵهیهکی دیکە هەبوو. هەستمکرد ئەوەیتر دەخوازێ هێلانەکەی داگیربکا. ئه‌وه‌ی دراوسێم، بێگانەی ئیزن نەدا و دار و هێلانەی پاراست. ئەمڕۆ بەهەڵکەوت دووباره لەبەر پەنجەرە وێستابووم. سەیری دەرەوەم دەکرد. بەفرێکی زۆر کەوتبوو. قشقه‌ڵه‌ی هاوڕێم، زۆر بە حەسڕەتەوە دەیڕوانییە هێلانەکەی. بەفری لەسەر بوو و بۆ حەسانەوە نەدەبوو. بەدەست خۆم نەبوو، خەفەت دایگرتم. ئاخ چەند ناخۆشە ماڵت داگیربکرێ، لافاو بیبا یا بەفری قورس درگات لێبگرێ. بژی له هەیوان و پەسیوان، لەبەر دوکان و سەرشەقام، له کۆڵان و نهدیوان، وەکوو کۆچەر، ئاوارە و ده‌ربه‌ده‌ر. تاراوگەنشین له هەندەران بی، حەسڕەتباری مەوتەنی به‌ر تیغی خه‌نجه‌ران بی. به‌ڵێ ئاوا خۆم هاتەبەرچاو، بیرەوەری ژیانی ٣٥ ساڵ دووری زیندوو بوونەوە، ئه‌وانه‌ی لە زه‌ینمدا قه‌تیس مابوون چه‌شنی په‌نگاو.
پارچە بیسکویتێکم هەڵداشت و قشقه‌ڵه‌ی هاوڕێم هاتە بەر پەنجەرە. لەبەرخۆمەوە لەگەڵی کەوتمەڕاوێژ.
گوێ بگرە دراوسێکەم! هیچ دەزانی جیاوازی من و تۆ له‌چیدا؟ هێلانەی تۆ لەسەر داربەڕوویە، لەسەر لێواری شەقام، لەتەنیشت وێستگەی پاس و لەبەر پەنجەرەی ماڵی من. نە کەس بەردێکت تێدەگرێ، نە کەس بە تفەنگ سێرەت لێدەگرێ. نە فڕۆکە بۆمبارانت دەکا، نە دوژمن تۆپباران و نە کەس سەرت ده‌بڕێ. نە ناسنامەت پێویستە و نە پاسپۆرتت حەوجەیە، نە سنوورێک بەفەرمی دەناسی و نه دژه ئایین و ئایدیات هه‌یه. له دراوسێیه‌تی تۆ، منم خاکم داگیرکراوه، سنوورم بۆ ڕاکێشراوه، ماڵم لێشێوێندراوه. ئه‌وه منم ده‌ربه‌ده‌رم، 35 ساڵه سه‌وداسه‌رم. ده‌زانی بۆ؟ بۆ مافێکی ئینسانی، بۆوه‌ی ئازادبێ ژیان و گیانی. کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌رانه بێ که له‌ودا باڵنده‌ی هاوڕه‌گه‌زی تۆیش خاوه‌ن دار و هێلانه بێ. هه‌رچه‌ند ئه‌مڕۆ ماڵه‌که‌ت به به‌فر داگیرکراوه، به‌ڵام له‌بیرت بێ ته‌نیا ڕۆژانێک بۆ به‌هاری گه‌رم و گه‌ڕانه‌وه و دامه‌زرانت ماوه. تۆ هه‌رکات حه‌زبکه‌ی ده‌گه‌ڕێیه‌وه هێلینی خۆت، هه‌ر ئه‌وه‌نده که به‌فر بتوێته‌وه. به‌ڵام بۆ من چی؟ که‌ی وه‌رزی ئازادی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ هیچ ده‌زانی به‌هار و پاییزه‌کان دێن و ده‌ڕۆن و له‌جیات به‌فر و به‌سته‌ڵه‌ک، ته‌مه‌نم به‌ده‌م زریانی زه‌مه‌ن کورتده‌بێته‌وه؟ به‌ڵام مه‌لی دراوسێ، بۆوه‌ی هومێد به‌رنه‌ده‌م، درگای ڕۆحم بۆ خۆزگه دووره‌کان واڵاکردووه و به‌و پارچه شێعره‌ی نیکۆس کاروزۆس که له‌ڕاستیدا بۆ تۆ گوتراوه، پاراوی کێڵگه‌ی تینووی هه‌سته‌کانم ده‌که‌م. دراوسێ بچکۆلانه‌که‌م گوێ بگره!
باڵندەکان چێژەی داوی خواکان
وەگەڕێ!
گەڕانەوەت موعجیزەیە.
وەگەڕێ بە چاوی تیژبینت
به‌هۆی داگەڕانی بەرەو ژێر، بە لاجایینگی گڕگرتووی پڕ له تینت
بۆ مەوتەنی دڵگیرت وەگەڕێ.
هەرچەند هەست بە ڕووخانت دەکەی و
جەهەننەمێک هۆکار بووە
هەرچەند سینەت پڕ لە سۆزە و
هەنگاوەکانت بێداهاتووە.
بەڵام،
داربەڕوویەک بەو زستانە
لە کونجێکی ئەو دارستانە
بە بوونی تۆوە ئاوەدانە.
کەوابوو بەپەنجەی حەسرەتی ڕابردوو،
لە گوڵخونچەکان گۆرانییەک بچنە و
وەگەڕێ!
گەڕانەوەت موعجیزەیە.
نیکۆس کاروزۆس
و: عەلی فەتحی
لە ژماره ٦٩٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه