دوابەدوای چڕبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ترامپ ، کۆماری ئیسلامی لە رێگە دامودەزگاکانی خۆیەوە ماوەیەکە بە شێوەی بەربڵاو خەریکی بانگەشە کردنە کە خەڵک بەشداری رێورەسمی ٢٢ی رێبەندان بن و دروشم بەدژی ئامریکا بدەن.
لایەنە پێوەندیدارەکان بە رێبەری نیزام لە ڕیگەی جۆراجۆرەوە بۆ بەشداریی کردنی خەڵکی زۆر لە رۆژی ٢٢ی بەهەمەن چالاکیی دەکەن.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە نێوخۆی وڵات، دەنگ ورەنگی کۆماری ئیسلامی و تلویزیونی مەهاباد بە پلان و بەرنامەی زۆرەوە داوایان لەخەڵک کردوە بە ئامادەبوونیان لە رۆژی ٢٢ی بەهمەن بەدژی ئامریکا ودەوڵەتی ترامپ دروشم بدەن.
هەروەها وتاربێژانی رۆژی هەینی لە شارەکانی کوردستان کە نوێنەری راستەوخۆی خامنەیین ڕاسپێردراون کە لە وتارەکانی خۆیان خەڵک هان بدەن بۆ بەشداری کردن لە رێپێوانی رۆژی ٢٢ی بەهمەن.
وتەبێژی رۆژی هەینی لە شاری مەهاباد لە وتەکانی خۆی وێڕای هێرش کردن بۆ سەر هەڵویستەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی ترامپ و کرووزانەوەی بۆ رێژیم داوای لە خەڵکی شاری مەهاباد کردوە کە بەشیوەی بەربڵاو لە رێپێوانی رۆژی ٢٢ی بەهمەن بەشداربن و دروشم بەدژی ئامریکا بدەن.
شایانی باسە دوای رووداوەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ هەتاویی کە کۆمەڵێک خۆ پێشاندانی لێکەوتەوە ، کۆماری ئیسلامی کەمتر خوازیاری هاتنە سەرشەقامی خەڵک بوو ، بەڵام دوای چوونە سەری گرژی وناکۆکیی نێوان دەوڵەتی تاران و دەوڵەتی ئامریکا ، کۆماری ئیسلامی سەرلەنوێ خەریکی هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە بۆ بەشداری کردن لە ٢٢ی بەهەمەن و سەردانی دروشم بە دژی ئامریکا وئیسرائیل ودژبەرانی خۆی، بۆ ئەم مەبەستەش لە دەنگ ورەنگی کۆماری ئیسلامی و وتاربێژانی رۆژی هەینی و دەستوپێوەندییەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێ.
شیاوی باسە دوای بەسەرکار هاتنی ترامپ ناکۆکییەکانی ئەو دووڵاتە زیاتربووە و تاران بە تاقیکردنەوەی مووشەکیی بۆ بەهۆی توورەبوونی کاربەدەستانی ئامریکاو، لەو بارەوە ترامپ بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد کە ئەو وەکوو ئۆباما بەرانبەر بە ملهۆرییەکانی تاران نەرمی نانوێنێ.