گەورەکەمپەینی پاڵپشتی کردن لە کۆڵبەران کە دوابەدوای کارەساتی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کۆڵبەر لە ناوچەی سەردەشت و پیرانشار لە سەردەستی بەشێک لە چالاکانی سیاسی ومەدەنی نێوخۆی وڵات هاتە ئاراوە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆی هێنا.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دوای کارەساتی بەژانی گیانلەدەستدانی کۆڵبەران و کاسبکارانی زەحمەتکێشی کورد ئێمە بەشێک لە چالاکانی سیاسی ومەدەنی و کۆمەڵایەتی بە پێکهێنانی کەمپەینێک لە ژێرناوی پشتیوانی کردن لە کۆڵبەران( نمادی بێمافی مرۆڤی مودێڕن) هەوڵمان دا کە ببین بەدەنگی کپ کراوی چینی چەوساوەی کۆڵبەر وبیروڕای گشتیی لێی ئاگادار بکەینەوە و بەرپرسان ئەرکدار بکەین بۆ گرینگی و بایەخیدانی بەکردوە لەو بارەوە.
دوای پێکهێنانی کەمپەینی پاڵپشتی کردن لە کۆڵبەران، بەشێکی ئیگجار بەرچاو لە خەڵک لە هەموو چین وتوێژەکان لەو کارە مەدەنیە بەشدارییان کرد ونزیک بە سە هەزار کەس پاڵپشتی خیانیان دەربڕی، ئەوەش نیشان لە هەست وهەڵویستی بەرزی خەڵکێکە کە لە کاتی تەنگا فریای یەکتر دەکەون و هاووڵاتییانی خۆیان فەرامۆش ناکەن.
لە درێژەی بەیاننامەی کۆتایی هاتنی گەورە کەمپەینی پاڵپشتی کردن لە کۆڵبەران دا هاتووە ،” مەبەستی سەرەکیی ئيمە لە ڕێکخستنی ئەو کەمپەینە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، بەتایبەتی بەرپرسان بە قووڵایی چارەنووسی دڵتەزێنی کەسانێک کە پێیان دەگوترێ کۆڵبەر. لە روانگەیەکی دیکەوە خستنەرووی بەرنامەداڕشتنی نازانستیی و، نیگای بەرفراوانی ئەمنیەتی و گەشەنەئەستاندنی ناوچەیەکە کە خەڵکێکی زۆر بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان بەناچاری پەنا بۆ هێندێک پیشە دەبەن کە پراوپرە لە مەترسی و گیان لەدەستدان.
بەڕێوەبەرانی کەمپەینەکە وێڕای دەستخۆشی کردن لە یەکریزی چین وتوێژەکان سەبارەت بە پرسی کۆڵبەران رایانگەیاند؛ ئێمە بەناوی چالاکانی مەدەنی وکۆمەڵایەتیەوە بەشداری خەڵکیکی بەرچاو لەو کەمپەینە بەچاوی رێزەو سەیر دەکەین و دەڵێین ؛ پابەندین لەسەر ویست و داوکارییەکانمان و خوشحاڵین کە پاڵپشتی کردنی ئێوە لەو کەمپینە نیشانی دا کە کۆڵبەر قاچاخچییەکی تاوانبار نیە کە بە بێ دادگای کردن سزا بدرێ و، کەلوپەلی تاڵان بکرێ و تەقەی راستەوخۆی لێبکەن،
بەڵکوو کۆڵبەران قوربانی سیاسەتی دووچاوەکیی وهەڵاواردن و لە کەشی ئەمنی ڕاگرتنی کورستانن کە لایەن حکومەتی ناوەندەوە پێرەو دەکرێ.
هیوادارین بەرپرسانی پیوەندیدار بە لە بەرچاوگرتنی ویستی چەند هەزارکەسی کە بەشداربوون لە کەمپەینی پاڵپشتی کردن لە کۆڵبەران ، لە زۆترین کات بە بەرێوەبردنی سیاسەتی هاڵاواردنی ئەرینی (کوتا) بە دوور لە هەرچەشنە روانگەی ئەمنی وسیاسی ، ژیانێک لێوانلێو لە ئارامشت و ئەهوەنی بۆ خەڵکی بێدەرتانی کورد بەتایبەتی چینی کاسبکارو کۆڵبەر پێکبهێنن.
جێی ئاماژەیە لەو کەمپەینە سی کەس لە نوێنەرانی پێشووی مەجلیس ودەیان کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی شەشەم وسەدان کەس لە مامۆستایان زانکۆو کەسایەتییە ئاینییەکانی کوردستان ، لەگەڵ هەزاران کەسی دیکە لە خەڵکی کوردستان تێیدا بەشدار و دوو بەیاننامەی ئەو کەمپەینەیان واژۆ کردوە.
شایانی باسە بە پیشنیاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە واژۆکردنی دوولایەنی دیکەی رۆژهەڵاتی بۆ پاڵپشتی کردن لە چینی مافخوراوی کۆڵبەر، لە رۆژی ١٤ی رێبەندان بەیاننامەیەکی هاوبەش لەو بارەوە دەرکرا.