خالید عەزیزی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێک لە بەرنامەی باسی رۆژ لە کاناکی کوردستان ٢٤دا، کۆمەڵێک باس و مژاری تایبەت بە کوردستان و رۆژهەڵاتی شرۆڤە کرد و ڕاوبۆچوونی خۆی خستە بەرباس.
هاورێ خالید عزیزی سەرەتا سەبارەت بە حیزبی دێموکرات رایگەیاند کە هەردووباڵی دێموکرات کە ئێستا وەکوو دوو حیزب هەڵسوکەوتیان هەیە بێ گومان لە ئینشعاب و لەتبوونی هەم گللەییان لەسەرە وهەم زیانیان لێکەوتووە.
هەربۆیە دوای دەسبەرکار کردنم وەکوو سکرتێری حدک ، وەسەر یەکخستنەوەی دووباڵی دێموکرات ئەولەویەتی یەکەمم بوو، تا جێگایەک کە لەو پێوەندیەشدا ئامادەبووم واز لە دەسەڵات بهێنم و تەنانەت لە زۆر بارەوە بۆ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان نەرمییم نواند و ئێستاشی لەگەڵ بی بۆ مەبەستە بێ هیوا نیم.
ناوبراو هەر لە پێوەندی لە گەڵ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکاندا رایگەیاند؛ تا ئەم کاتە لایەنی بەرانبەر گەڵاڵەیەکیان نەهێناوە کە بتوانین لەسەری دانوستان بکەین و بە تەوافق بگەین.
خالید عەزیزی بە خستنەبەرباسی هەڵسەکەوتی حیزب دێموکراتی کوردستان لە گەڵ چالاکیی لە نێو خۆی وڵات ، خوێندنەوەو ڕوانگەی حیزبی لەو بارەو باس کرد و گوتی؛ حدک بە لە بەرچاو گرتنی هەلومەرجی ئێران و کوردستان بەتایبەتی سیاسەتێکی ژیرانەی بەڕێوەبردوو کە هەوڵ بدا خەڵکی نێو خۆ بە نیسبەت چارەنووسی سیاسی و فەرهەنگی وکۆمەڵایەتی خۆیان خەمسارد و بێ تەفاوت نەبن و بە دڵنیاییەوە لەوبارەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرکەوتنی وەدەستهێناوە.
سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی سیاسی ئێران و کوردستان خەباتی فرە رەهەندی بە سیاسەتی سەرەکیی حدک لە قەڵەم دا و هەوڵی خۆی و کۆمیتەتی ناوەندی حیزبی لەو بارەوە باس کردو خوێندنەوەی حدکی بۆ ئیران و دۆخی کوردستان بۆ سیاسەتی واقعبینانە گەڕاندوە.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا سەبارەت بە دەسکەوتی سیاسی ئۆپۆزسیون بە گشتی وتی؛ ئەمە هەقیقەتێکە ئوپۆزسیون بە گشتی نەیانتوانیوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بە دەست بهێنێ بەڵام حیزبی دێموکرات کوردستان لەماوەی ئەم دەساڵە هەوڵی داوە خەڵکی نێوخۆی لە بێ تەفاوەتی دەربهێنێ و کە لەهەموو دەرفەتەکان بۆ بردنە پێشی ویستی خۆیان کەڵک وەربگرن و تێ بگەن کە کۆماری ئیسلامی تەنیا کێشەی لەگەڵ چەند لایەنی سیاسی و ئۆپۆزسیون نیە بەڵکو کێشەی لە گەڵ نزیک دەمیلیون کورد هەیە لە ئێران، کەواتە بە جەماوەری کردنی خەبات لە نێوخۆی وڵات دەتوانی کاریگەریی هەبی بەسەر حکومەتی ناوەندی و لەوبارەوە چالاکییەکانی نێو خۆی بەرزنرخاند.
بەرێز عەزیزی سەبارەت بە هۆکاری دەس لەکار کێشانەوەی لە پۆستی سکرتێری گوتی؛قەبووڵ کردنی سەرلەنوی پۆستی سکرتێری لە کۆنگرەی ١٦ بۆ ڕاگرتنی یەکرێزی حیزب بووەو بە پێی پرنسیبەکانی دێموکراسی ڕازی بە گۆڕینی ئەساسنامە نەبووم و ئێستاش لە پۆستی کۆمیتە ناوەندییدا لە خزمەتی حیزبی دێموکراتی کوردستاندام.
هاوڕێ خالید عەزیزی لە درێژەی ئەو وتووێژەدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی ناوچەیی و کاریگەرییەکانی بەسەر کورد بە گشتیی و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستانی خستەبەرباس و بە وردی شرۆڤەی بۆ کرد.
،،،،،،،،،،،،