لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی و سەردەشت بە تەقەی هێزەچەکدارەکانی سەرسنوور دوو کۆڵبەری دیکە بە توندی بریندار بوون.
لە کاتێک کە زۆربەی خەڵکی کوردستانی تازیەباری گیان لەدەست دانی ٥ کۆڵبەرن بە هۆی سەرماو هەرەسی بەفرەوە، رۆژی رابردوو لە دوو ناوچەی سەلاسی باوەجانی و سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور دوو کۆڵبەری دیکەش بە توندی بریندار کران.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە نێوخۆی وڵات رۆژی ١٢ی رێبەندان لاوێکی تەمەن ٢٤ساڵە بەناوی پەیمان کەریمی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە ئینتیزامییەکان بە سەختی بریندار بوو.
ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان لە زمانی شەیتحاڵی رووداوەکە بڵاوی کردوتەوە کە ناوبرا بۆ هێنانی کەلوپەل سەردانی سنووری رۆژهەڵات وباشووری کوردستانی کردبوو، لە مەودای ١٠٠میترییەوە دەبێتە ئامانجی فیشەکی چەکدارەکان و پای چەپی بریندار دەبێ، و بە خوێنرێژی زۆرەوە رەوانە نەخۆشانەی شاری جوانرۆ دەکرێ و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە سەر تەندروستی ئەو کۆڵبەرە هیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نیە.
هەر لە درێژەی پالامار و هێرشی هیزە چەکدارەکانی رێژم بۆ سەر چینی لێقەوماو و کاسبکاری کورد ، کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی عوسمان ئەحمەدی خەڵکی سەردەشت دەکەوێتە بەر دەسترێژەی گوللەی هێزەکانی سپای پاسداران و بە گرانی بریندار بووە.
پرسی کۆڵبەری و خۆ لێ بێ ساحیب کردنی دەوڵەت و ناوەندە پێوەندیدارەکان بووتە هۆی نارەزایەتی دەربڕینی خەڵکی کوردستان و بەشێکی بەرچاو لە چالاکان و توێژەرانی مەدەنی وسیاسی نێو خۆی وڵات بەڕیخستنی کەمپەینێک و کۆکردنەوەی ٥٠٠٠واژۆ خوازیاری ئەوەن کە دەوڵەتی ناوەندی چارەسەریک بۆ ئەو گرفتە بدۆزرێتەوە.