کارەساتی گیان لەدەستدان و لەن بن بەفرمانەوەی چەند کۆڵبەر لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە
رووداوی دڵتەزێنی گیان لەدەستدانی چەندین لاوی کۆڵبەر بە هۆی هەرەس و رنووی بەفرەوە خەڵکی کوردستانی تاساند و بە شێوازی جۆربەجۆر هاوسۆزی و هاوخەمییان نواند و یادی قوربانیانی رێگەی ژیان و نانیان بەرز ڕاگرت.
بەشیک لە ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان لە رۆژی دانیشتنی حەوتووانەی خۆیان بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و هەڵکردنی مۆم و خوێندنی بابەت وشێعری پێوەندیدار لە گەڵ چینی هەژارو بێ دەرەتانی کۆڵبەر هاسۆزییان دەربڕی.
ڕێکخراوی رچەی لەیلاخ لە شاری دێولان رۆژی سێشەممە بە هەڵکردنی مۆم و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بەرنامەکانی خوی بۆ کۆڵبەر و پرسی کۆڵبەری تەرخان کرد.
هەر لەو پێوەندیشدا پۆلێک لە شاخەوانەکانی تەنگیسەری بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی کۆڵبەرانی کوژراو، چالاکییەکی کێو پێوانیان لە شاخەکانی گوندی تەنگیسەر بەڕێوە برد.
هەرەوەها بەشێکی زۆر لە گرووپ و چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە گۆڕینی وێنەی پرۆفایل و سازکردنی کەمپەین و خستنە بەرباسی پرسی کۆڵبەری لەو بارەوە نارەزایەتیان دەربڕی.
جێی ئاماژەیە کە کۆمەڵێک لە گرووپ و ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزیەکان، لە هەمبەر گیان لە دەستدانی کۆڵبەرانی کورد راگەیاندیان بڵاو کردووەتەوە، نارەزایەتی خۆیان بە نسبەت دۆخی نالەباری ژیان لە شارە سنوورییەکان بە تایبەت کۆڵبەرانی سەر سنوور بڵاو کردووەتەوە.











