٦٠ کەس لە توێژەرانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی نێوخۆی وڵات بە نووسینی نامەیەک بۆ حەسەن روحانی و نوێنەرانی مەجلیس بەرانبەر بە کارەساتی کۆڵبەری و کۆڵبەرانی قوربانی ڕنووی بەفر لە ناوچەی سەردەشت هەڵویستیان گرت و خوازیاریی چارەسەری ئەو گرفتە گرینگە بوون لە کوردستان.
دوای کارەساتی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی چوار کۆڵبەری بە هۆی ڕنووی بەفر لە ناوچەی سەردەشت شەپۆلی هاوخەمیی کردن و هەروەها بە هانای چوونەوەی کۆڵبەران لە شارەجیاجیاکانی کوردستان بەڕێکەوت.
لە درێژەی دەنگدانەوەی ئەو کارەساتە، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی لە نامەیەک بەرانبەر بە کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان بە توندی هەڵویستیان گرت و داوایان کردووە کە لە زووترین کات دەوڵەت لەو بارەوە خۆی بە بەرپرس بزانێ و کێشە چینی جەفاکێشی کۆڵبەر چارەسەر بکرێ کە چیتر ئاوا بە ئاسانی نەبنە قوربانی پاروویەک نان و بژێوی ژیان.
لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە “جیاوازی نێوان قاچاخچی و کۆڵبەر ئەوەیە کە کۆڵبەر لە ئەوپەڕی جەور و مەینەتەوە خەریکی تەقالا کردنە بۆ ئەوەی سەرەتایی ترین پێداویستیی ژیان خۆی و بنەماڵەی دابین بەکات و، بەناچاری رێگای مەترسیداری کۆڵبەری هەڵدەبژێرێ و کۆڵبەری پیشە وکار نیە بەڵکوو پەلەقاژەکردنە بۆ ژیان”.
هەروەها لە درێژەی ئەو نامەیەدا هاتووە “ئێمە بە واژۆ کردنی ئەم نامەیە لە سەرۆککۆمار و نوینەرانی مەجلیس و سەرجەم بەرپرسانی پێوەندیدار داوا دەکەین هاووڵاتیانی کورد و بەتایبەتی چینی دەسکورتی کۆڵبەر بە بێ دووچاوەکی وهەڵاواردن لە گەڵ خەڵکانی دیکە لە ئێران گرینگیان پێ بدرێت و بۆ بەردنەسەری ئاستی خۆشبژیوی خەڵکی هەژارو نەداری کۆڵبەر هەموو هەوڵەکان وەگەڕ بخرێ. .
لە کۆتایی ئەو نامەیەدا چالاکانی مەدەنی وسیاسی چەند داواکاریان خستۆتە ڕوو
کە بریتین لە، جیاوازی دانان نێوان کۆڵبەر وقاچاخچی ڕاگرتنی تەقەی راستەوخۆکردن لەو چینە بێ دەرەتانە
جێبەجێ کردنی ماددە دەستوورییەکان لە یاسای بنەڕەتیی ئیران کە پێوەندی بە دابین کردنی دەرفەت وهەلی کارەوە هەیە وەکوو ماددەی ٢٨ لە یاسای بنەرەتی ئێران.
گرینگی دان بە گەشەی ئابووری کوردستان کە کەمداهاتی و هەژاری و رێژەی زۆری بێکاری هۆکاری سەرەکییە بۆ کۆمەلێک کیشەو گرفتی کۆمەڵایەتی و رووکردنی خەڵکی ناوچەسنووسرییەکان بە پیشەی پڕ مەترسی کۆڵبەری.
شایانی باسە لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی سەردەشت وپیرانشار چەندین کۆڵبەرو کاسبکاری کورد، کەوتنە بەر هەرەسی بەفر و، لە ئاکامدا ٥کۆڵبەر گیانیان لەدەست داو، چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.











