رۆژی شەممە ٢٨ی ژانویەی ٢٠١٧ی زایینی، کۆمیتەی ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و چەند هێز و رێکخراوی سیاسیی کوردی و کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە، رێوڕەسمێکی شایستەی بۆ رێزگرتن لە ٢ی رێبەندان، ٧١مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ستاڤانگێری وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوە برد. سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی “ئەی رەقیب” لەلایەن گرووپی سروودی یەکیەتیی لاوان و چەند چرکەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو “ماندانا حەبیبزادە” بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووانی کرد و کورتە باسێکی لەسەر کۆماری کوردستان پێشکەش کرد. بەدوای ئەودا، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوڕێ “زانیار کەریمی”یەوە خوێندرایەوە کە ئاوڕدانەوەیەک بوو لەسەر مێژوو و دەستکەوتەکانی کۆمار بە گشتی، دوایین پلیۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و رووداوەکەی شەوی یەڵدای خوێناویی . ئەوجار پەیامی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان/ بەڕێوەبەرایەتی دەرەوەی وڵات لە لایەن بەڕێز “هوومەن سەعدییە” بەرپرسی کۆمیتەی “رۆگلاند”ی یەکێتی لاوانەوە پێشکەش کرا.
پاشان خاتوو “مریەم فتووحی” بە دەنگە خۆشەکەی و چەند گۆرانییەکی بەسۆزی کوردی، چێژێکی تایبەتی بە رێوڕەسمەکە بەخشی. پارتی ئازادی کورد- باکوور و هەروەها “کۆمەڵەی کوردیی رۆژ” لە “رۆگلاند” بەم بۆنەوە بروسکەی پیرۆزباییان ناردبوو کە لەلایەن پێشکەشکاری رێوڕەسمەکەوە خوێندراوە.
بڕگەکانی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بە دەنگی بە سۆزی خاتوو “رانیە بەرزەنجی” لە رۆژئاوای کوردستان و چەند گۆرانییەکی هەمەڕەنگی کوردی، دەستی پێکردو بەدوای گۆرانییەکانی خاتوو “رانیە”دا، شانۆگەرییەک لە لایان گرووپی هونەریی یەکیەتیی لاوانەوە سەبارەت بە کۆماری کوردستان هاتە پێشکەشکردن کە دەگەڵ پێشوازی گەرمی ئامادەبووان رووبەڕوو بوو.