کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی بەرز راگرتنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری “شەفێڵد”ی ئەو وڵاتە رێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
رێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” لە لایان کۆری هونەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد . پاشان لە لایان کۆمیتەی ئامادەکاری یادی ٧١ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان راگەیاندرا و دواتر وتاری کومیتەی حیزبی دیموکرات لە بریتانیا لە لایەن هاوڕێ “مادح ئەحمەدی”، ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا پێشکەش کرا.
دوابەدوای پەیامی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن “کەیوان شێرزاد”، ئەندامی کومیتەی حیزب لەو وڵاتە پێشکەش کرا.
لە درێژەی رێورەسمەکەدا، پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن “ئاکام رەسووڵی”یەوە پیشکەش کرا و هەروەها دواتریش “محەمەد ئەفەندی” بە شێعرێک و “هێمن تینا” بە “تک نوازی” تار رێوڕەسمەکەیان زیاتر رازاندەوە.
لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکەدا ئاماژە بە ناوی ئەو لایەن و رێکخراوە سیاسییانەی کرا کە پەیامیان بۆ رێوەڕەسمەکە ناردبوو و هەروەها پەیامی بزووتنەوەی “گۆڕان” لە لایەن کەیوان غالی” ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی بزوتنەوەی گۆران لە بریتانیا پێشکەش کرا.
ناوئاخنی بەرنامەکانی ئەم رێوڕەسمە پێکهاتبوو لە سردووی “دووی رێبەندان” کە لە لایەن گرووپی سروودی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا و هەروەها چەند پارچە گۆرانی و مەقامێک کە لە لایەن هونەرمەندان “کۆژین جاف”، “بنار عەلی” و “خالید جەماڵی”یە پێشکەش کران.