ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۲۷ی ژانویە کۆڕێکی ڕێزلێنان لە تێکۆشانی، نەمر کاک فەتاح کاویان لەسەر ئەرکی کۆمیتەی حیزب لەم شارە و بە بەشداریی بەشێک لە کوردانی دانیشتووی شاری ئادلاید بەڕێوە چوو. کۆڕگێر شەهلا خانمی پەیرەوان سەرەتا بانگی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و دەقیقەیەک بێدەنگی ڕاگەیاند. دواتر بە شیعری خەمێکی تر لە شێعرە بەرزەکانی مامۆستا عاشق کۆڕەکەی کردەوە.
دواتر ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسی بە بۆنەی مەرگی تێکۆشەر کاویان لە ڕێگای دەنگ و وێنەوە پێشکەش کرا.
پاشان محەممەد پشدەری وتەی کەرتی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانی پێشکەش کرد. دوای ئەوە نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕانەوە هاوخەمیی خۆی و حیزبەکەی دەربڕی. لە بڕگەیەکی دیکە لە کۆڕیادەکەدا تێکۆشەری دێمۆکڕات ئەحمەد نەقشی لە سەر کەسایەتیی کاک فەتاح قسەی کرد و فەریدە خانمی نەقشی دیکلەمەی شیعرێکی مامۆستا هێمنی پێشکەشی یادی نەمر کاک فەتاح کرد.
لە درێژەی ئەو کۆڕیادەدا هاوڕێ هەیاس کاردۆ بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوستڕالیا بە وردی باسی ژیان و خەباتی تێکۆشەر کاویانی کرد و لایەنە جۆراوجۆرەکانی توانا و لێهاتوویەکانی ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕ و خۆشەویستیەی شی کردەوە.
لەکۆتایی کۆڕەکەدا فیلمی ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی نەمر کاویان بڵاو کرایەوە. ئێوارە کۆڕەکە دوای سەعات و نیوێک لەنێو خەم و پەژارەی بەشداراندا کۆتایی هات.