مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكادا گوتی: هیچ پێشهاتێك سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕاناگرێ.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی ناکۆکیی قوڵی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گوتی سەردانەکەی حه‌یده‌ر ئه‌لعیبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر کاریگەری بووەو كاریگەری زیاتریشی دەبێ، بەڵام بەیەک سەردان ناکرێت چاوەڕوان بین هەموو کێشەکانی کورد لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕا تا ئێستا چارەسەر بکرێن.
مه‌سعود بارزانی له‌باره‌ی رۆڵی ئێران لە عێراق گوتی ئەوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە هەژموونیی ئێران لە عێراق زۆرە، بەڵام پێموایە دەبێ عێراق هاوسەنگییەک لە نێوان خۆی‌و دراوسێکانی رابگرێ.
بارزانی دەربارەی بەشداریکردنی ئێران لە شەڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ له ده‌ستی داعش گوتی ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین‌و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان باسکراوە، شتێکی وانییە کە ئێران بەشداری ئه عه‌مه‌لیاته‌دا بێ‌و پێموانییە تورکیه‌ش بەشدار بێ‌و پێویستیش ناکا بەشداری بکه‌ن.
مه‌سعود بارزانی له‌و وتوێژه‌دا جەختی لە سه‌ر ئه‌وەش کردۆته‌وه که بەهیچ شێوەیەک رازی نابێ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ بکرێتەوەو ده‌ڵێ ئەو بابەتە لە نێوان سەرۆکایەتیی پارلمان و حیزبەکانەو، پێویستە ئەوان بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیشه‌وه دووپاتی کرده‌وه پرسی سەربەخۆیی کوردستان ڕێڕەوی خۆی تێپەڕ دەکا و هیچ کارەساتو ڕووداوێک ناتوانێ پێشی پێ بگرێ. ئه‌و جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه که پرسی سەربەخۆیی کوردستان بابه‌تێکی قانونییهو ئەو پرسەش تەنیا لە ڕێگەی دانوستان‌و لێکتێگەیشتنهوه چارەسەر دەکرێ، نەک لە رێگەی شەڕەوە.