دوای تێپەربوونی زیاتر لە مانگێک لە کارەساتی دڵتەزێنی شەوی یەڵدا کە لە هێرشێکی تیرۆریستیدا ٥ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ٢ پێشمەرگەی ئاسایشی شاری کۆیە شەهید کران، یادی ئەو شەهیدانە لە شوێنی رووداوەکە کرایەوە.
پێشنیوەڕۆی ١٠ی ڕێبەندان ٩٥ی هەتاویی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بۆ یادی قوربانیانی شەوی یەڵدا بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و هەروەها بنەماڵەی شەهیدان رێوروەسمێکی بەڕێوە برد.
لەو ڕیورەسمە سەرەتا پۆلێک لە لاوانی پێشمەرگە سروودی ئەی شەهیدان یان خوێند
پاشان هاوڕی کەمال کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی کورتی سەبارەت بە لایەنە جۆراجۆرەکانی کارەساتی شەوی یەڵدای پێشکەش بە ئامادەبووان کرد
بەرێز کەماڵ کەریمی بە ئاوردانەوەیەک لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە خەڵکی مافخوازی کوردو رۆڵەکانی دێموکرات، رایگەیاند کە هیچکات کردەوە تیرۆریستییەکان ئیرادەی ئێمەی بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانمان لە پێناوی ئازادی لە ناو لەبردووە، بەڵکوو خوێنی شەهیدانی سوورخەڵات سوورترمان دەکا بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانمان.
هاورێ کەماڵی کەریمی شەپۆلی هاوخەمییەکان لە گەڵ بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بە تایبەتی لە نێو خۆی وڵات بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی خەڵکی کورد لە حیزبی دێموکرات زانی و مەحکومکردنی کردەوەی تێرۆریستی، کە بە دوورە لە گەڵ هەموو پرنسیپەکانی دێموکراسی و مرۆیی و حیزبی دێموکرات سەرەڕای ئەوەی کە قوربانی زۆری داوە هەمووکات ئیدانەی کردوە.
شایانی باسە دوای تەقینەوەکانی بەردەم قەڵای دێموکرات و شەهید وبرینداربوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی دێموکرات، شەپۆلێکی هاوخەمیی بەتایبەتی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لە گەڵ حیزبی دێموکرات وەڕێکەوت و بۆ هۆی دەنگدانەوەی لە میدیاکان.
دوای وتەکانی بەڕێز کەماڵ کەریمی چەند پارچە شیعرێک خوێندرایەوەو هەروەها لە کۆتایی ئەو رێورەسمەدا بە دانانی وێنەی شەهیدانی یەڵدای خۆێناویی دێموکرات و پێشکەش کردنی تاجە گوڵینە، سەرجەم ئامادەبووان لە گەڵ رێبازی پێشمەرگانە پەیمانی وەفایان نوێ کردەوە.