بەرپرسی گشتیی بواری پەروەردەی فیکریی پارێزگای کرماشان گوتی، لە سەرکەوتنی منداڵێکی بە ناوی هوومەن بەهمەنی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی نیگارکێشیی لە وڵاتی بۆلغارستان سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، هوومەن بەهمەنی تەمەن ١٠ ساڵە و خەڵکی شاری کرماشان و لە ناوەندی پەروەردەی فیکریی “کۆزەران” بۆ بەشداری لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی وڵاتی بۆڵغارستان بەڕێکراوە و توانیویەتی لەم کێبڕکێیانەدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ.
ئەم منداڵە نیگارکێشە، دیپلۆمی شانازیی چوارەمین کێبڕكێی نێودەوڵەتیی نیگارکێشیی “بنسکا”، لە وڵاتی بۆڵغارستانی ساڵی ٢٠١٦ی پێبەخشراوە.
هەروەها، بەرپرسی گشتیی پەروەردەی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو پارێزگایە ڕایگەیاندوە کە؛ “نێوەرۆکی ئەم کێبڕکێیانە ئازاد بەڕێوەچووە و بەرهەمی هونەریی ئەم منداڵە کرماشانیە لە نێوان ٥ هەزار و ٥٨٥ بەرهەمی هونەریدا کە لە ٤٦ وڵاتی دنیاوە لەم کێبڕكێیەدا بەشدارییان کردوە، توانیویەتی دیپلۆمی شانازی بەدەست بێنێ.
شایانی باسە کە منداڵانی کورد تاکوو ئێستا لە چەندین بەشی هونەری لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بەشدارییان لە کیبڕكێ نێودەوڵەتییەکاندا کردوە و توانیویانە بە هەموو کۆسپ و کەموکووڕییەکانیان لە بواری ئیمکاناتەوە، سەرکەوتن بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.











