پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٦ی رێبەندان، کۆبوونەوەیەکی سیاسیی تەشکیلاتی سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات لە باس و بڕیارەکانی پێنجەمین پلینۆمی کومیتەی ناوەندی، لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سی
اسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان پێکهات.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان چەند ساتێک بێدەنگیی راگەیەنرا.
دواتر کاک خالید عەزیزی، سکرتێری پێشووی حیزب، سەبارەت بە بابەتە تەشکیلاتی و سیاسییەکانی پلینۆمی پێنجەمی کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی سکرتێر لە حیزبدا باسێکی پێشکەش کرد. کاک خالید عەزیزی لە دەسپێکی وتەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی لە کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری نوێی حیزب، ئاواتی خواست کە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و بەرپرسایەتییەکەیدا سەربکەوێ و پاڵپشتی و هاوکاریی بێئەملاوئەولای خۆی بۆ کاک مستەفا مەولوودی دووپات کردەوە. پاشان کاک خالید عەزیزی سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە نێوان دوو پلینۆمی پێشوودا وتی: “حیزبی ئێمە هەوڵی داوە ئەوەندەی لە توانایدا بووبێ لە رووداوەکان وەدوا نەکەوێ و لەو پێشهاتانەی کە بەگشتی پێوەندیی بە کوردستان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بووە، هەڵوێستی خۆی هەبووە و لەو بوارانەدا کەمتەرخەم نەبووە”. کاک خالید لە درێژەی وتەکانیدا سەبارەت بە کێشەی داعش و شەڕ بە دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە رۆژاوا و باشووری کوردستان وتی: “حیزبی ئێمە هەوڵی داوە هەروەک پێشوو یارمەتی بە یەکڕیزیی و یەکگرتوویی کورد لەو پارچانە بکا و لەمبارەوە هەوڵی زۆری داوە”. لەبابەت رۆژهەڵاتی کوردستانیش کاک خالید جەختی لەوە کردەوە کە حیزبی ئێمە وەک پێشوو سیاسەتێکی فرەڕەهەندی هەیە و وشک و چەقبەستوو تەنیا بە رێگەچارەیەک و وێژمانێکەوە خۆی نەبەستۆتەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر هاتۆتە ناو رووداو و گەمە سیاسییەکان لە تاران. کاک خالید عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای خستنە بەر باسی رووداوی تەقینەوەکەی شەوی یەلدا، گوتی: “سەرەڕای ناخ
ۆش بوونی ئەو رووداوە، هاودەردیی و هاوخەمیی ئەندامانی حیزب و هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، قوەت قەلبێکی گەورە بوو بۆ حیزبی ئێمە”.
پاشان کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری نوێی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، سەبارەت بە بابەتە سیاسیی و تەشکیلاتییەکانی حیزب باسێکی بەپێزی پێشکەش بەشداربووان کرد. بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانیدا سپاسی هەموو ئەو کەسایەتیی و لایەنانەی کرد کە بە بۆنەی هەڵبژێرانی وەک سکرتێری نوێی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، پیرۆزباییان لێکردووە. ئینجا سپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بە سکرتێری و هەوڵەکانی کاک خالید عەزیزی دەربڕی و گوتی کە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە بوونی سکرتێریی کاک خالیدەوە تا ئێستا سەری لە ناو سەران دابووە و ئەوەش هەموومانی سەربڵێند کردبوو و تێکڕا شاییمان بە خۆمان و بە حیزبەکەمان دەکرد”. بەڕێزیان دەور و رۆڵی کاک خالیدی بەرز نرخاند و گوتی: “کاک خالید زۆر بابەت و بەرنامەی نوێ و جوانی هێنایە ناو حیزب و بەهەق هەموومان زۆر وانەی لێفێر بووین و دەتوانین بۆ داهاتووی حیزب کەڵکی پێویستیان لێوەربگرین، بۆ ئەوەی حیزب هەروا سەری لەناو سەراندا دیار بێ”. کاک مستەفا لە درێژەی وتەکانیدا، جەختی لە سەر درێژەدان بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی تا ئێستای حیزب کردەوە و گوتی حیزبی ئێمە بڕوای بە خەباتی فرەڕەهەند هەیە و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیدا کەڵک لە هەموو زەرفییەت و رەهەندەکانی خەبات و تێکۆشان وەردەگرێ و دەستەوەستان نامێنێتەوە و بەدڵنیاییەوە لەم پێناوەشدا کەڵک لە بۆچوون و ئیدەکانی بەڕێز کاک خالید عەزیزیش وەردەگرێ. کاک مستەفا مەولوودی لە بابەت پابەندیی بە بڕیاری بەکۆمەڵ لە حیزبدا گوتی: “ئەگەر هەموومان بەشدار بین لە دروست کردنی بڕیاری بەرپرسانەی سیاسیی تەشکیلاتی بۆ حیزبی دیمۆکرات و رێبەریی حیزبیش کۆک بێ لەسەر بڕیاری بەکۆمەڵ و لەئەنجامدا هەموان بەکۆمەڵ کاری بۆ بکەین و مودیرییەتێکی کاراتر و هەڵسووڕتر هەبێ، حیزبی دیمۆکراتی کوردستان هەروا کارا و چالاک و پێشەنگ دەبێ. بەڕێز مەولوودی لە درێژەی وتەکانیدا پڕژایە سەر کار و چالاکیی چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆ و سیاسەتی تا ئێستای حیزبی لەو پێوەندییەدا بەرز نرخاند و جەختی لەسەر درێژەدانی ئەو سیاسەتانە کردەوە. پاشان کاک مستەفا سپاسی تەشکیلاتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی بەگشتی کرد و پێزانینی خۆی سەبارەت بە کار و تێکۆشانی هەموو هەڵسووڕاوانی حیزب لە ناوخۆ و دەرەوە کرد و گوتی: “دەبێ لە توانا و هێزی ئەوان و دۆستانی خۆمان زیاتر کەڵک وەربگرین و رۆڵ و دەوری زیاتریان بدەینێ”. بەڕێز مەولوودی وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر یەکگرتنەوەی دیمۆکراتەکان وتی: “دەبێ سەرەنجام حیزبی دیمۆکراتی بکەوێتەوە سەریەک بۆ ئەوەی بتوانێ کار و پڕۆژەی گەورە بەڕێوە ببا و حیزبی ئێمە لەمێژە هەستی بەو زەروورەتە کردووە و حیزبەکەمان تا ئێستا لەو پێوەندییەدا دروست جووڵاوەتەوە و دەبێ هەردووک لای دێمۆکرات وڵامی داوای خەڵکی کوردستان لەم پێوەندییەدا کە هەمان یەکگرتنەوەیە بدەنەوە”. دواتر کاک مستەفا جەختی لەسەر بڕیار و کاری بەکۆمەڵ کردەوە و گوتی بەختەوەرانە ئەو هێز و پوتانسییەلە لە حیزبی ئێمەدا زۆرە و دەبێ هەموان پێکەوە یەکگرتوانە حیزبەکەمان بەرەو پێش بەرین.