بنهماڵهی٢ که‌س له شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان “ئه‌هلی حه‌ق” که له ساڵی ١٣٩٢ ئاگریان له جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا، له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کراوه که نابێ ڕێوره‌سمی ساڵیاد بۆ ڕۆڵه گیان بەختکراوەکانیان بگرن.
به‌پێی ڕاپۆرتی ماف نیووز، ناوەندە ئه‌منیه‌تییه‌کانی ڕێژیم له شاره‌کانی کرماشان و هه‌مه‌دان، لەسەر بنه‌ماڵه‌کانی “تاهیری” و “ره‌زه‌وی”یان کردوە که‌زۆر به بێدەنگی‌و به‌بێ بانگهێشت کردنی خه‌ڵک یادی ڕۆڵەکانیان بکەنەوە و له چوونە سه‌ر گڵکۆی ئازیزانیان خۆ ببوێرن، هه‌روه‌ها پێیان ڕاگه‌یاندوون که نابێ ئه‌م ڕێوره‌سمه له ساڵۆنی کۆبوونەوەو ریوڕەسمەکانی شاردا به‌ڕێوه بچێ.
هه‌ر به‌پێی ئه‌م راپۆرته، هیزه ئه‌منیه‌تییه‌کان هه‌ڕه‌شه‌یان له چالاکانی یارسانیش کردووه که ده‌بێ تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی یارسانییه‌کان کۆنتڕۆڵ بکه‌ن و نه‌هێڵن کۆبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی ریک بخرێن.
جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه دوو که‌س له شوێنەکەوتووانی ئایینی یارسان به ناوه‌کانی حه‌سه‌ن ره‌زه‌وی خه‌ڵکی هه‌مه‌دان و نیکمه‌رد تاهیری خه‌ڵکی شاری سه‌حنه‌ی کرماشان، له ڕۆژانی ١١و ١٥ی جۆزه‌ردانی ساڵی١٣٩٢ی هه‌تاوی، به مه‌به‌ستی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین به زوڵم و سته‌می کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی له پێڕه‌وانی ئه‌م ئایینه، له به‌رده‌م فه‌رمانداریی شاری هه‌مه‌داندا ئاگریان له جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا کە دواتر گیانیان لە دەست دا.