نوێنەری خۆی لە مەجلیس دەڵێ قسەكانی وەزیری نێوخۆی ئێران لە بارەی هێنانی “پووڵە پیسەكان بۆ نێو سیاسەت” سەداسەد له جێی خۆی دایه. ئهو دهڵێ ئەم كەسانەی كە لە پشت گەندەڵییەكانن دەیانەوێ بێنە نێو سیاسەتەوە تا “ڕێگەی وەدەست هێنانی داهاتیان بۆ ئاوەڵا بكرێ.”
موئەیەد حوسێنی سەدر، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی ئێعتێماد كە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاكەلێوە، بڵاو كرایەوە، چەند جار جەختی كردۆتەوە كە ئهوانهی دستیان به “پووڵە پیسەكان” ڕادهگا بە نیازن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كەسانێك بنێرنە مەجلیس تا “بەرەبەرە دەست بەسەر مەجلیسیشدا بگرن.”
ناوبراو هەروەها گوتوویەتی كە ئامادەیە لە جیاتی وەزیری نێوخۆ به پشت بەستن بە بەڵگەكان ههموو ئهو کهسانه ناو ببا.
جێی بیرهێنانهوهیه عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٩٣ گوتی بەشێك لەم پووڵانەی پێوەندییان بە قاچاغی ماددەی هۆشبەرەوە هەیە، دێنه بەشی سیاسەتیش و لە چوارچێوەی یارمەتیدان بە هەڵبژاردنەكان و بڕیاردانەكاندا خەرج دەكرێن.
نوێنەری خۆی لە مەجلیس لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاشکرای کرد که برای ههر هەمان كەس كە پووڵێكی زۆری بە ڕەحیمی داوهو ئێستاش لە زیندان دایە، هەر لە ئێستاوە ستادی هەڵبژاردنی كردۆتەوە. ناوبراو نموونەیەكی دیكەشی هێناوتەوە و دهڵێ ئەم كەسەش كە دەستی لە قاچاغدا هەبوو ئێستا لە ڕێكخراوە خێرخوازییەكاندا لقێكی بە دەستەوەیەو لەم بەینەدا بە شێوەیەكی بەربڵاو كار بۆ هەڵبژاردنهکانی داهاتوو دەكا.
حوسێنی سەدر دهڵێ ئهمن كەسێك دەناسم كە پێشتر پۆستێكی دەوڵەتی هەبوو، ئێستاش خاوەنی سامانێكی زۆرەو بۆخۆی تۆڕێكی هەڵبژاردنیشی پێك هێناوە.
شایانی باسە محەممەدڕەزا ڕەحیمی، جێگری یەكەمی سەركۆماری پێشووی ئێران، ڕۆژی ٥ی خەزڵوەری ٩٣، لە نامەیەدا ڕوو بە مەحموود ئەحمەدینژاد نووسیبووی جابر ئەبدالی، لە تاوانبارانی گهندهڵییهکهی بیمەی ئێران، ١ میلیارد و ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە نزیكەی ١٧٠ كەس لە کاندیداکانی مەجلیسی هەشتەم داوە.
نوێنەری خۆی لە مەجلیس لە بارەی چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی خۆی بەم زانیارییانەی كە پێوەندییان بە “پووڵە پیسەكان”ەوە هەیە، گوتی: “ئەمانە بابەت گەلێكن كە بە هەڵكەوت وەدەست كەوتوون و ڕێژەشیان یەكجار زۆرە. ئەوە بەم مانایەیە كە گەندەڵی لەم ولاتە بە ڕاددەیەك زۆرە كە پێویست ناكا هیچ كەس سیخوڕی لەسەر بكا.”