کە باس لە هونەر و کاریگەرییەکانی دەکرێت هەر نەتەوەیەک دەێهەوێت ئاستی هونەر و هونەرمەندانی خۆی بەرز بنرخێنێت. چونکە لە مێژە «هونەر» وەک میراتێکی بەهێزی مرۆیی توانیویەتی ببێتە ڕایەڵێک بۆ ناساندنی گەلان بە یەکترو دەرخەری ئاستی شارەستانیەتی هەرگەلێکە. «کۆنفسیۆس» دەڵێ: بۆ ناسیاری شارستانیەتی هەر گەڵیک، سەرنجی مۆسیقاکەی بدە».
هونەر بەگشتی هەڵگری مێژوویەکی دوور و درێژە لە ڕەوتی کۆمەڵگای ئینسانی و بەسەر سەرجەم بوارە فیکرییەکان شوێندانەریی خۆی سەلماندووە. بەشێکی زۆر لە بیرۆکەفیکرییەکان و رێبازە زەینییەکان یان لە پانتایی هونەردا تاقی کراونەتەوە یان هونەر بۆتە هۆی سەرهەڵدانیان.
کاریگەریی هونەر بەسەر کۆمەڵگە تاڕادەیەکە کە هیچ بزاڤ و بزووتنەوەیەکی فیکری، ئایدۆلۆژی، سیاسی، خۆی بە نیسبەت هونەر بۆ جێ خستنی ئایدیاو بیروباوەری خوی نەتەنیا بێنیاز نەزانیوە، بەڵکوو زۆریش هەوڵی داوە سەرنجی هونەرمەندان بەرەولای خۆیان ڕابکێشن و بەستێنێکی لەباریان بۆ ئامادەبکەن. ئەگەرچی لە رەخنەی زانستی تایبەت بەهونەر نابێت هونەرمەند بەتەواویی لەخزمەتی بانگەشەی بیرۆکەیەکدا بێت و لەوچوارچێوە قەتیس بمێنێتەوە چونکە مانەوە لە بازنەی هەر بیرۆکەیەکی سیاسی، فیکریی، خەسار لە نەفسی هونەری ئەو هونەرمەندە دەدا. هەر بە پێی ئەمە خاوەنی سەرەکیی و هەمیشەیی هونەرمەند خەڵک و کۆمەڵگەیە بۆیە جاروبار دەبێتە هۆی گلەیی وگازندە لە هونەرمەندان لە مۆزیسین و نووسەرەوە بگرە هەتا شێوکاروگورانی بێژە و سەرجەم مژارەکانی دیکەی هونەر. بەڵام ئاستی پایەبەرزی و شوێندانەریی هونەرمەندان لەسەر کۆمەڵگە ئەوەندە بەهێز و بەرچاوە کە زۆرجار دەورو رۆلی هونەرمەندان لەسەر لایەنە سیاسی وکۆمەڵایەتییەکان دەبینین. بۆ نموونە لە میژووی سیاسی وڵاتێک وەکوو ئەرمەنستان دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دەرچوونی لە ژێر ڕکیفی یەکیەتیی سووڤیەتی ئەوکات، ئێستاکە چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە جووڵانەوەی هەستی ناسیونالیستی خەڵکی ئەرمەنستان و «وشیاریی نەتەوەیی» گەلی ئەرمەنی جیا لە مێژوویەکی پڕ چەوسانەوە قەرزداری رۆڵی هونەر و هونەرمەندانی دەروەستە. بەپێویستی دەزانم لێرە بۆ وەبیرهێنانەوەی دەور و نەقشی هونەرمەندێکی ئەرمەنی و شێوەی رێزگرتن و پاڵپشتی کردنی خەڵکی ئەرمەنستان بەهەمووچین وتوێژێکەوە لەو هونەرمەندە دەروەستە بە کورتی بخەمە بەر باس.
«لۆریس چکناواریان» مۆزیسین و رێبەری ئۆرکسترا و ئاوازدانەری بەناوبانگی جیهان، لە دایک وباوکێکی راکردوو لە کۆشتن و قەڵاچۆی ئەرمەنییەکان لە تورکیە کە پەنابەری ئێران دەبن لە شاری «برۆجرد»ی سەربە پارێزگای لۆرستان لە ساڵی١٣١٦ی هەتاوی لەدایک دەبێ. ئەوەی کە لە ژیانی هونەریی ئەم مۆزیسینە بەناوبانگە زیاتر بەرچاو و جێی تێرامانە سۆزو هەستی بێ وێنەیە بە نیسبەت نەتەوەی خۆی. هەروەها کاریگەریی و شویندانەریی هونەرمەندانەو میللی گەرایانەیە بەسەر دۆخی سیاسی وڵاتی ئەرمەنستان. کاتێک لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی کارەساتی بوومەلەرزەی «ئیسپیتاک»ی ئەرمەنستان روودەداو دەبێتە هۆی کوژرانی ٢٥٠٠٠کەس ونزیک بە ٥٠٠٠٠٠کەس ماڵوێران و بێ پەنا دەبن، ئەم هونەرمەندە هەر لە یەکەم چرکەکانی ئەم کارەساتە فریای هاوڵاتییەکانی دەکەوێت و دەتوانێت لە کەسایەتیی هونەری خۆی بە باشی کەڵک وەربگرێت و نزیک بە ١٥میلیۆن رۆبل یارمەتی کۆدەکاتەوە بۆ لێقەوماوانی ئەو بوومەلەرزە. ئەمە لە کاتێک دایە کە «گۆرپاچۆڤ»سەرۆک کۆماری یەکیەتی سووڤیەتی ئەوکات بۆ یارمەتی دان بە خەڵکانی زیان لێکەوتوو لە کارەساتی ناوکی «چرنویل» تەنیا دەتوانێت ١میلیون رۆبل پارە کۆبکاتەوە!! بەبەراوردێکی خێرایی ئەم دوو کاراکترە، بۆمان دەردەکەوێت کە هونەرمەندانی دڵسۆز و دەروەست چەندە دەتوانن بەسەر کۆمەڵگای خۆیان کاریگەریی پۆزتیڤ و بەهێزیان هەبێت. جێی ئاماژەیە «لۆریس چکناواریان» بۆ سەرخستن وگەیشتنی خەڵکی ئەرمنیا بە سەربەخۆیی «سیاسی وکیانی» دەور و رۆڵێکی باشی گێرا. تائاستێک کە چاودێرانی سیاسی سەرکەوتنی ئەرمنستان بە شۆرش و کاریگەریی هونەر دەزانن .
ئەمە ئاماژەیەک بوو بە نموونەیەکی جیهانی و سەردەمیانە لەسەر دەور و نەقشی هونەر و هونەرمەندانی هەرگەلێک بەسەر هەلومەرجی سیاسی،فیکری وفەرهەنگی کۆمەڵگە.
کورد ئەگەرچی نەتەوەیەکی هونەرحەز و هونەرپەروەرە، شوێن پێی هونەری کوردی بەتایبەت لە ژانری مۆزیک و ئاوازەوە بەسەر هونەری گەلانی دیکەی ئێران ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە مێژە گەلی کورد هونەر بەلایەوە گرینگ بووە. ئەگەرچی نەتەوەی کورد لە باری زاراوە و کلتوورەوە نەتەوەیەکی فرەچەشن و هەمەرەنگە هەرئەم تایبەتمەندییە زۆر جار بۆتە بەربەستێک لەسەر رێی جەریان و رێکخراوەسیاسییە نەتەوەییەکان کە نەتوانن گوتاری سیاسی خۆیان بە باشی جێ بخەن. بەڵام بە وردبوونەوەیەک لە دۆخی ئێستای کورد لە باری شوناسخوازییەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەندەها هونەر بەتایبەتی مۆزیکی کوردی ئەم بووشایی و پچرانەی پڕکردوتەوەو خوار و ژوور و ناوەندیی پێکەوە گرێ داوە. ئەگەر لە «ئیلام و قەسرەشیرین» تادەگاتە دووررترین گوندەکانی باکووری کوردستان دەنگ وگورانی هونەرمەندانێک وەکوو حەسەن زیرەک وسەیدعەلی ئەسکەری کوردستانی بۆنەتە چریکەیەکی هاوبەش و هاوسۆز لە نێوان زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کورد، ئەمە بەشێوەیەکی مەعنەویی و هونەریی لە خزمەتی هاوسۆزیی نیشتمانی دایە.
ئەگەر لە دنیای ئەمرۆدا «وشیاری نەتەوەیی» فاکتەرێکی بەهێزە بۆ پرۆسەی نەتەوەسازی و پێکهێنانی «دەوڵەت – نەتەوە»،کوردیش ئەم مافەی لە خەونێکەوە بەرەبەرە خەریکە لە ناخی کۆمەڵگا دەبێتە ویست و داواکاری بێگومان هەبوون و هاتنە مەیدانی هونەرمەندانێکی دەروەست و هەڵسۆڕ وەکوو (هیمن، هەژارو، رەزازی، شوان پەروەر، نەجمەی غوڵامی و شاریڤان ..هتد) کاراکتەرێکی ئێگجار شیاو شایستەن کە بە ئافراندنی کاروچالاکیی هونەری هەم ژێرخان و ماڵی هونەری کوردیان دەوڵەمەندتر کردەوە و هەمیش توانیویانە ببن بە هاندەرێکی باش بۆ ورووژاندنەوەی هەستی نەتەوەیی. بەڵام تەنیا بەرهەم خوڵقاندن مەرج نیە، بەڵکوو پێوەندیی نێوانی کۆمەڵگە و هونەرمەندان دەبێ دوولایەنە بێت. واتا هەموو چین وتوێژی کۆمەڵگە خاوەنداریەتیی لە هونەرمەندانی خۆی بکات. بەڵام بەداخەوە ئاستی چاوەڕوانی لە هونەرمەندان زۆرجار لەلایەن کۆمەڵگەی سیاسی کوردەوە دەگاتە ئاستێک کە هەر لایەنێک دەیهەوێت فلان هونەرمەندێک بەناوی خۆی تاپۆ بکات و مۆرکی خۆی پێوە بنێت.
بە گوتەی «گونتەرگراس» نووسەر و فیلەسۆفی بەناوبانگی ئاڵمانی کە ساڵی ٢٠١٤ کۆچی دوایی کرد، لە بابەتێکدا دەلێ: «هونەرمەند پێش ئەوەی هونەرمەند بێت شارۆمەندی شارێک و خەڵکی وڵاتێکە» . لێکدانەوەی ئەم قسە ئەوە دەگەێنێت کە راستە هونەرمەند چ نووسەر، چ مۆزیکژەن و هتد نابێت بە نیسبەت خەڵک و وڵاتەکەی خەمسارد بێت. بەڵام ئەم خەمسارد نەبوونە و هاتنە مەیدانی هونەرمەندان و بەشداریی چالاکانەیان لە دۆخی سیاسی گەلی کورد نەک کەمتر بە قازانجیان تەواوبووە، بەڵکوو ئەگەر لە بەرهەمێکی ئەوان بۆن و رەنگی لایەنگەریی لایەنێک یا بیرۆکەیەکی فیکری پێوە دیار بێت، هەرزوو کەسانی دیکە ولایەنی دیکە بە دڵبژۆکی لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکەن و تەنانەت بە بێ لە پێش چاوگرتنی هونەرەکەی کەرامەتی هونەریی درووخێنن وکەسایەتی دەشکێنن! هونەرمەندی کورد یان دەبێ بێ هەڵۆیست نەبێت یان هەڵویستەکەی بە پێی مەرامی «من « بێت! بەداخەوە نموونەمان لەم بارەوە زۆرن کە بیرمان لەوە نەکردوتەوە هونەرمەند مۆڵکی هەموومانە ئەرگەریش لەگەڵ ئێمەش هاوبیروڕا نەبێت. لە بیرمان نەچێت هونەری هەر هونەرمەندێکی کورد پاسپۆرتی پێناسەو باشترین و بەهێزترین بەڵگەیە بۆ خۆ سەلماندن بە دنیای دەرەوە. گەورەترین نەققاشی ئیسپانیا «سالوادرودالی» ماوەیەک پێرەوی دیکتاتۆری ئیسپانیای کردوە، بەڵام هەموو تاکێکی ئیسپانیایی خۆیان بە خاوەنی ئەو هونەرمەندە دەزانن .
ئەمەگناسی هەر گەلێک بە نیسبەت هونەرمەندان دەرخەری ئاستی شارستانیەت و گەشەی شوعووری فەرهەنگی و سیاسی ئەو گەلەیە.
……………..
ژێدەر:
مێژووی مۆسیقای کوردی. حەمەی حەمە باقی
ماڵپەری همشهری
ماڵپەڕی «آکادمی موسیقی آهنگ»،،
لە ژماره ٦٥٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه