بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ماف نیوز، زیندانیی سیاسی کورد بەناوی “فەهیم کەریمی ریک ئابادی ” لە زیندانی ورمێ بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەست داوە و بنەماڵەکەشی بۆ مەرگی ڕۆڵەکەیان زۆر بە پەرۆشن و سکاڵای ئیعترازیی خۆیانیان گەیاندووتە کاربەدەستانی قەزایی.
بە پێ ڕاپورتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی ٢٤ بەفرانبار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێ بە بنەماڵەی فەهیمی کەریمی ریک ئابادی ڕاگەیاندووە کە ڕۆڵەکەیان بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ گیانی لە دەست داوە.
هەر لەم پێوەندیەدا چاوەدێری مافی مرۆڤ لە کوردستان دەریخست کە “فەهیم ریکئابادی” بەندکراوی سیاسیی کورد لە دەیەی حەفتادا بە هۆی کۆڵنەدان و هاوکاری نەکردن سەبارەت بە گەڵاڵەی چەکداربوونی گوندنشینەکان واتا “بەسیج” بوون، چەک هەڵگرتن بەدژی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ماوەی یازدە ساڵ لە ناوەندە جۆراوجۆرە ئەمنیەتی و ئیتڵاعاتییەکان لە ژێر سەختترین شێوەی ئازار و ئەشکەنجەکانی ڕوحی و جەستەییدا ، شکەنجە کراوە.
هەروەها ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەر ماڵ و سامانی ناوبراو داگرتووە و تەنانەت هەرەشەیان لیکراوە کە بوو وەرگرتنەوەی ماڵ و ژیانی داگیرکراویان لە لایەن حکوومەتەوە بەدواچوون نەکەن. هەر بۆیە هەموو هەوڵی بنەماڵەشی لەوبارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.
لەم دواییانەدا “فەهیم کەریمی” لە لایەن یەكێک لە ناوەندە ئەمنیەتیەکانی شاری ورمێ دەسبەسەر کراو وسەرەڕای بەدواداچوونی پەیتاپەیتای بنەماڵەکەی، دەسبەسەر کرانی ناوبراو لە لایان کاربەدەستانی ئەمنیەتی ڕەد کرایەوە، بەڵام لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێەوە ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار بە بنەماڵەی فەهیم کەریمی ڕایانگەیاند کە نابراو لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.
شایانی باسە کاربەدەستانی ئەمنیەتی گوشاریان خستۆتە سەربنەماڵەی ناوبراو کە سەبارەت بە دەسبەسەرکران و هۆکاری گیان لەدەستدانی ڕۆڵەکەیان لە پێدانی زانیاریی بە ڕاگەینە گشتیەکان دەستڕاگرن.