بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ٢ی رێبەندان رۆژی دامەرزاندنی کۆماری کوردستان یان هەمان دەوڵەتی جمهووری کوردستان ، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب دێموکراتی کوردستان سیمینارێک بەڕێوەچوو.
پێشنیوەڕۆی ٢ی رێبەندانی ٩٥ی هەتاویی کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان سیمینارێکی بوو بەرێزان ؛ کاک جەلیل گادانی تێکۆشەری لە مێژینەی حیزبی دێموکرات و کاک عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک پێکهێنا.
سەرەتا کاک جەلیل گادانی بابەتێکی لە ژێر ناوی “ئاوردانەویەک لە کۆمەڵەی “ژکاف” و مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان” باسێکی وردو تێروتەسەڵی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
تێکۆشەر جەلیل گادانی بە باس کردن لە سەر گرینگی کۆمەڵەی “ژکاف” وەکوو رێکخراوەیەکی نهێنی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک باسی پێوەندیداری بە کۆمەڵەی”ژکاف” خستە بەرباس و بە وردی شرۆڤەی کرد.
پاشان سەبارت بە مودێرن کردنی رێکخراوی “ژکاف” دامەرزاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو حیزبێکی مودێرن و پێشڕەو، لایەنی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی لە گەڵ دەسکەوتەکانی ئەو حیزبە بۆ بەشداران خستەڕوو.
دوای وتەکانی کاک جەلیل گادانی ، لە پانێکی دووهەم بەرێز عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک، باسێکی لەبارەی بەڕێوەبەری وئیدارەی کۆماری کوردستان و پرنسیپە یاساییەکانی کۆماری کوردستان، پێشکەش کرد.
بەرێز عومەرباڵەکی بە خوێندنەوەیەک لە سەر شیوەی قانووندانان لە سەردەمی دەوڵەتی جمهووری کوردستان لایەنە یاساییەکانی ئەو دەوڵەتە کوردییەی بە وردی باس کرد. بەرێز باڵەکی باسی لە هەوڵ و دیقەتی پێشەوا قازی محەممەد کرد، بۆ بەڕێوەبەری یاسایی دەوڵەتی کوردستان و چەسپاندن و پەرەپێدان بە بنەما قانوونیەکان و پرنسیپە دێموکراتیکەکان.
دوابەدوای پێشکەش کردنی باسی ئەو دوو بەرێزە، چەند کەس لە بەشداران و مێوانانی ئەو سیمینارە ڕاوبۆچوونی خۆیانیان باس کرد و هەورەها لە کۆتاییدا هەردوو کۆرگێر وڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانیان دایەوە.
شایانی باسە ئەو سیمینارە بە ئامادەبوونی دەیان کەس لە کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.