مستەفا مەلوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرنامەیەکی تایبەت لە گەڵ کوردکاناڵ کۆمەڵێک باس و بابەتی لەسەر روانگە و سیاسەتی داهاتووی حدک و, هەوڵ و بەرنامەکەی خۆی وەکوو سکرتێری نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چەند خاڵی گرینگ خستە بەرباس و شرۆڤەی لەسەر کرد.
بەرێز مەولوودی سەرەتا بە بەرزنرخاندنی تێکۆشانی خالید عەزیزی سکرتێری پێشووی حدک، پرسی سکرتێری و دەست لەکار کشانەوەی بەرێز عەزیزی و هەڵبژاردنی سکرتێری نوێ ، بە ڕەوتێکی دێموکراتیک ناساند و ڕاشیگەیاند” دوایین گۆڕانکاریی لە ئاستی پلەی تەشکیلاتی لە نێو ریزەکانی حدک و، شێوەی سیاسەت کردنی ئەو حیزبە دەتوانێ وەکوو تەجروبەیەک بێ بۆ داهاتووی وڵات و نموونەیەکی باش بێ بۆ حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵات.
مستەفا مەولوودی لە بەشێکی دیکە لە وتووێژەکەی لە گەڵ کوردکاناڵدا سەبارەت بە گووتاری سیاسیی حدک بە تایبەتی لە دوای بەسەر کار هاتنی بەرێزیان گوتی؛ سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوەندی بڕیاراتی ئەو حیزبە دەردەکرێ و ، بە کۆی دەنگی کۆمیتەی ناوەندی پەسەند دەکرێ و ئینجا کەسی یەکەمی حیزب واتە سکرتێر بە شێوازی خۆی هەوڵ دەدا بوو باس کردن و جێخستنی سیاسەتە پەسەند کراوەکان و، بێ گومان هەر سکرتێرێک لەوبارەوە دەور و رۆڵی خۆی هەیە. روانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان روانگەیەکی دۆگم و یەک ڕەهەندی نیە و خەباتەکەشی خەباتێکی فرە چەشن و واقع بینانەیە ،کە بە پێی هەلومەرج گۆڕانی بەسەر دێ”.
سکرتێری گشتیی حدک لە بەشێکی دیکە لە وتەکانیدا لە سەر خوێندەوە و روانگەی خەباتی سیاسی حیزب و شێوەی تەعامول کردنی ئەو حیزبە ، لە گەڵ چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و سیاسی نێوخۆی وڵات رایگەیاند؛ هەر بە پێی قسەکانم لە وتووێژێکی دیکە، دیسانەکە دووپاتی دەکەمەوە کە بە ڕای من ئەم دوو چالاکییە واتە چالاکیی سیاسیی حیزبی دێموکرات و چالاکییەکانی نێو خۆی وڵات تەواوکەری یەکترن و، ئازایەتی و بوێری چالاکانی مەدەنی و سیاسی و فەرهەنگی لە نێوخۆی وڵات بە چاوی رێزەوە سەیر دەکەم و، هەوڵ دەدەم توانایەکانی حیزب لە داهاتووش وەگەڕ بخرێ بۆ گرینگی پێدانی زیاتر بە چالاکانی نێوخۆی وڵات و، هەموو کات خۆمان بە پاڵپشت و پاڵنەریان دەزانین.
بەرێز مستەفا مەولوودی لە درێژەی تووێژەکەی خۆی لە گەڵ کوردکاناڵدا گوتی: پۆستی سکرتێری حدک لەوەها هەلومەرجێکدا پۆستێکی هەستیارو قورسە، بەڵام بۆ بەرەوپێشبردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێویست بە هاوکاری و هاوشانی کردنی هەموو ئەندامانی حیزب هەیە و، وەکوو سکرتێری نوێی حدک، هەوڵ دەدەم ئەو حیزبەی کە لەماوەی دەساڵی ڕابردوودا بە ماندووبوونی رێبەری حیزب و هەوڵەکانی کاک خالید عەزیز بووتە حیزبێکی خۆشەویست وناسراو و جێمتمانەی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەوچەشنە بیپارێزین و بە دڵنیاییەوە داهاتوویەکی باشترمان دەبێ.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانی دا سەبارەت بە دەسپێکردنی سەردان و دیدار کردن لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی یەک مانگی رابردوودا باسی لە هەوڵ و هەبوونی پلانێکی نوێ کرد، بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی و کاری هاوبەش کردن لە گەڵ حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و لەو بارەوە گوتی : بە هەموو توانای خۆم و حیزبەوە هەوڵدەدەین بۆ رێکخستنی ئەو زەروورەتە سیاسییە.واتا کاری هاوبەش کردن لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە و هەوڵدان بوو سازکردنی بەرەیەکی هاوبەش و بەهێز لەوبارەوە.











