کاک فەتاحی کاویان ناوی ئاشنا و، ناسراو لە مێژوویی مافخوازانەی گەلی کورد ، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کەسایەتیی بەناوبانگی وێژەو زمان و ئەدەبی کوردی، ئێوارەی چوارشەممە ٢٩ی هەتاویی ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی کردو،
بە بۆنەی کۆچیدوایی ئەو زاتە ماندوویینەناسەو، خۆشەویستی کۆڕی خەباتکارانی دێمۆکرات، پاشنیوەڕۆی رۆژی ٣٠ی بەفرانبار لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان رێوەرەسمی پرسە وسەرەخۆشی کاک فەتاح کاویان بەڕێوەچوو.
ئەو رێورەسمە بە ئامادەبوونی کەسایەتیی و نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و، کادر وپێشمەرگەکانی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حدک بەڕێوەچوو.
سەرەتا یاری دێرین و هاوسەنگەری چەندین ساڵەی نەمر فەتاح کاویان بەرێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە سەر بەسەرهات و ژیانی سیاسی و خزمەتەکانی ئەو تێکۆشەرە خۆشناو و، خۆشەویستە باسێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و، لە بەشێک لە قسەکانی دا گوتی: کاک فەتاح کاویان لە مەیدانی خەباتدا هەموو جۆرە خەباتێکی تاقی کردووتەوە خەباتی نهێنی ، خەباتی سیاسی و خەباتی فیکری و لە هەموو بەشەکانی خەباتدا سەرکەوتوو بوو.
مامۆستا حەسەن زادە لە کۆتایی وتەکانیدا بە نوێنەرایەتی لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پرسە وسەرەخۆشی حیزبی پێشکەش بە بنەماڵە وسەرجەم کەسوکاری کاک فەتاح کاویان کرد و بەتایبەتی بە تاقانە کچەکەی سەرگوڵ کاویان و یاری چەندین ساڵەی ناوبراو کاک قاسمی سوڵتانی کرد.
دوابەدوای قسەکانی مامۆستا حەسەنزادە شێعرێک لە شاعیری پێشمەرگە مامۆستا ئاشق بە بۆنەی کۆچیدوایی نەمر فەتاح کاویان خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکە ئەو رێورەسمەدا پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە کۆچیدوایی کاک فەتاح کاویان لە لایەن هاوڕێ قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
هەروەها کۆمەڵیک پەیام و برووسکەی پرسەو سەرەخۆشی کە لەلایەن کەسایەتی و ڕێکخراوە سیاسییەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەو رێورەسمە گەیشتبوو خوێندرانەوە.
شایانی باسە نەمر فەتاحی کاویان دوای پێشکەش کردنی ٦٠ ساڵ لە ٨٠ساڵ تەمەنی خۆی بوو سەرخستنی نەتەوەکەی و خزمەتی بە پێت کردن بە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەی ، ئێوارەی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار بە هۆی ڕاوەستانی دڵ، لە قەڵای خۆڕاگری دێموکرات لە شاری کۆیە کۆچیدوایی کردو، پێشنیوەرۆی رۆژی ٣٠ی بەفرانبار لە مەزارگەی تێکۆشەرانی دێموکرات بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە خۆشەویستان ودۆستان و هاوسەنگەرانی به خاک سپێردرا.