لە خەمی کۆچی براگەورە و مامۆستام کاک فەتتاحی کاویان دا
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بە مەرگت، مەرگی تۆ ناخــــۆش و قورسە
خەمم چەند باری دڵ بووە؟ هەر مەپرسە
بەجێت هێشتین لە دۆخـــــێک دا کە ڕێگا،
لە جاران زۆر پـــــتر ڕژد و بە تــــــــرسە
******
خەمی تۆش هاتە سەر ئەو دەرد و ژانەی
شەوی یەلدا دڵی هەمووانی پڕ کــــــــــرد
کە پڕشنگی بە تیشکی حــــــەوتەوانان*
هەموو دەوری قەڵای خەڵتانی گڕ کرد
******
گوتم بگریم، لە نێو بارانی فرمێسک
بخووسێنم کراســــــی ڕەش لە بەرما
بناڵێنم لە دەست ئەو دەرد و ڕەنجەی
فەلەک بە دوای یەکا، دەیدا بە سەرما
*******
وەبیرم هاتەوە، ڕۆژێکی فەرمـــــــــووت،
خەباتکار نامرن، شوێنـــــــــیان دەمێنن
بە یاد و بەرهەم و خوێن و خەباتیان
لە نێو هەرمــــــــانەوە، مێژوو دەدوێنن
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*”حەوتەوانان”، مەبەست حەوت شەهیدەکانی شەوی یەلدایە. قامووسە ئینگلیسییەکەی کاک فەتتاحیش، ناوی حەوتەوانەیە و دیارە کۆمەڵە ئەستێرەیەکیش هەن، بە کوردی”حەوتەوانان” یان “حەوت برالە”یان پێدەڵێن.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئاشق ئێوارەی ١٨ی ژانوییەی ٢٠١٧