بەهۆی بێڕێزی کردن بە زمان و فەرهەنگی کورد، هونەرمەندێك ناڕەزایەتیی دەربڕی.
دووبلاژ یەکێک لە هونەرەکانی دنیای وەرگێڕان لە سینما و تەلەفزیونەکاندا بۆ ئاشنابوون بە فەرهەنگ و کولتوور و لێكحاڵی بوون لە فەرهەنگی نەتەوەکانی جیهانە.
هەواڵدەریی ئیسنای کرماشان لە زاری لێکۆڵەرێک لە بواری وێژەی کوردیدا بڵاوی کردەوە، هونەری دووبلاژ نابێ ببێتە هۆی گاڵتەکردن بە فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەکان، بەڵکوو هونەری دووبلاژ، هونەری لێک نزیک کردنەوی زمان و فەرهەنگە جیاوازەکانی جیهانە.
ئەردەشیر مووسەوی ڕایگەیاند؛ بەداخەوە ئەمڕۆ ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین لە دونیای مەجازیدا هێندێک کەس بە شێوەیەکی کاڵفامانە هەوڵی دووبلاژکردنی هێندێک دەنگ لە سەر ئەنیمەیشنەکان دەدەن کە ئامانج لەو کردەوە دەبێتە هۆی سووکایەتی کردن بە فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە.
ئەو لێکۆلەرە لە درێژەی ئەو وتوویژەدا گوتی؛ هێندێک خەڵک بە کەڵک وەرگرتنی نابەجێ لە نەرمە ئامێرە سادەکان کە ئەمڕۆ بە ئاسانی دەست دەکەون، هەوڵی دووبلاژکردنی بەرهەمە فەرهەنگییەکانیان داوە و لەو کەرەستانە بۆ ئامانجی لە نێوبردنی فەرهەنگ و مەزهەبی نەتەوەکان کەڵک وەردەگرن.
مووسەوی هەروەها گوتی؛ لەم دوایانەدا کەسانی بەرژەوەندخواز بە دانانی دەنگی نەشیاو لە سەر زاراوە و زمانی کوردەکان، خەریکی بێڕێزی کردنن بە شوناسی چەند هەزار ساڵەی کورد.
پێویست بە وتنە، بێڕیزی کردن بە زمان و فەرهەنگی کورد بۆتە دیاردەیەکی باو لە لایەن کەسانی کاڵفام و بیرتەسک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەنیا لایەنە پەیوندیدارەکانی ڕێژیم هەوڵی سڕینەوەی ئەو دیاردە نەشیاوە نادەن بەڵکوو ناڕاستەوخۆ هانی ئەو کەسانەش دەدەن کە بێڕێزی بە زمان و کلتووری ئێمە بکەن.











