سکرتێری نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتووێژێکدا لە گەڵ تەلەویزیونی “ڕووداو” وێڕای ئاماژەدان بە ستراتێژی حدک سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی و رێکارەکانی چارەسەری ئەو گرفتە مێژووییە رایگەیاند کە هەروەک لە ساڵانی پێشوو، وتووێژ و دانوستان کردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە مکانیزمەکانی خەباتی فرە رەهەندی خۆمانی دەزانین و پێشوازی لێدەکەین.
مستەفا مەولوودی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هیچ کات وتووێژ کردنی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران رەت نەکردۆتەوەو، ئەگەریش بەربەستێک هاتۆتە پێش، ئەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی و نەیارانی کوردەوە بووە. ئەگەرچی لە ئیستادا بەستینی دانوستان ئامادە نیە و بەڵام ئەگەر رۆژێک کۆماری ئیسلامی ویستی بە وتووێژ پرسی نەتەوەیی چارەسەر بکا حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ڕیگایەکی باش قبووڵی دەکا.
بەرێز مەستەفا مەولوودی بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ئیستاکەی ئێران لە درێژەی وتەکانیدا راگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئیران دەرفەتی چارەسەری سیاسی نەهیشتۆتەوە و هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لە بەرچاو گرتنی خەباتی فرە چەشن و کەڵک وەرگرتن لە هەموو تواناکانی خۆی، درێژە بە خەباتی خۆی دەدا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشیکی دیکە لە تووێژەکەیدا لەگەڵ تەلەویزیونی “رووداو” سەبارەت بە لایەنی دیکەی دێموکرات و پرسی گرینگی یەکگرتنەوەی هەر دوو دێموکرات کۆمەڵێک باس و بابەتی لەو بارەوە خستەڕوو.
بەرێز مەستەفا مەولوودی لەو پێوەندییەدا گوتی: “مادام خەڵکی نێوخۆی وڵات چاوەڕوانی و پەیامی ئەوەیان هەیە کە هەر دوو دێموکرات بە یەکەوە کاری سیاسی و رێکخراوەیی بکەن، با وڵامی پەیامی دڵسۆزان و خەمخۆرانی خەڵکی خۆمان بدەینەوە و حیزبی دێموکراتی کوردستان زەرفیەتی لەیەک نزیکبوونەوەو یەکگرتنەوەی هەر دوو باڵی دێموکراتی تێیدا هەیە”.
سکرتێری گشتیی حدک لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە حیزبەکانی دیکەی رٶژهەڵاتی کوردستان بە تەلەویزیونی رووداوی گوت: “بێ گومان هەموو حیزبە رۆژهەڵاتییەکان کاریگەییان بەسەر بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات و دۆخی سیاسیی ئێران هەیە و بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە بەهێزتر بێ ، پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا خەبات و چالاکییان هەبێ”.











