لەسەر داوا و پێشنیاری کۆمیتە حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵات کوردستان لە ناوچەی “رۆگڵاند”ی وڵاتی نۆڕوێژ، رۆژی یەکشەممە ١٥ی ژانویەی ٢٠١٧ی زایینی، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی پارێزگای “رۆگلاند”ی وڵاتی نۆروێژ بەرێوە چوو.
لەو کۆبوونەوەدا یەکیەتیی نیشتمانیی کورد لە سووریا، حیزبی ئەلوەحدە، پارتی ئازادیی کورد –باکوور و کۆمەڵەی کوردیی “رۆژ” لە شاری ستاڤانگێر بەشدار بوون. بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە شاری ستاڤانگێری لە وڵاتی نۆڕوێژ بوو و لەم کۆبوونەوەیەدا کومیتە ناوچەی رۆگلاندی حدک و یەکیەتیی لاوان داوایان لە هەموو لایەنە کوردییەکانی ناوچەکە کرد کە بە یەکەوە رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بەڕێوەبەرن و نەورۆز بکرێتە هێمای یەکگرتوویی کورد و حیزبەکانی چوار پارچەی کوردستان. لایەنەکانی باشووری کوردستان کە نەیانتوانیبوو بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بن، بە ناردنی پەیامێک بۆ کۆبوونەوەکە، ئامادەگیی خۆیان بۆ هاوکاری و بەشداری لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزدا دەربڕیبوو. لە کۆبوونەوەکە دا سەرجەم لایەنەکان سەرەرای جیاوازی بیروبۆچوونیان، لەسەر ئەم تەوەرە کۆک و یەکدەنگ بوون و هیوایان خواست کە ئەم هەنگاوە ببێتە هەوێنی زیاتر کارکردنی لایەنە سیاسیەکانی کورد لە ناوچەکەدا. شایانی باسە لەو کۆبوونەوەدا هەیئەتێک لە کومیتە ناوچەی رۆگلاندی حدک بە سەرپەرستیی هاوڕێ “زانیار کەریمی” و هەروەها بەرپرسی یەکێتی لاوان لەو سنوورە, بەڕێز “هومەن سەعدییە” بەشدار کۆبوونەوەکە بوون.