زیاتر لە سەدی ٦٠ی کرێکارانی سنە بیمەیان نییە و پێشێلکردنی مافی سەرەتایی کرێکاران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بووەتە هۆی نیگەرانی سەرەکیی چالاکانی کرێکاری و کرێکاران و ڕۆژانە هەواڵدەرییەکان ڕاپۆرتی جۆراوجۆر لەمەڕ پێشێلکردنی داوا ڕەوا و سەرەتاییەکانی کرێکارانی کورد بڵاودەکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنا، زیاتر لە سەدی ٦٠ی کرێکارانی بیناسازی پارێزگای سنە لەبوونی بیمەی کار بێبەرین.
جێگری بەرێوەبەری کانوونی ئەنجومەنی کرێکارانی پارێزگای سنە لە وتوێژێکدا بەهەواڵدەریی ئیلنای گوتی: سەرەڕای ئەوەیکە پارێزگای سنە ٣٣ هەزار کرێکاری هەیە، تەنیا لەو ڕێژەیەدا ١١ هەزار کرێکار بیمەی دڵنیایی کاریان هەیە.
بە وتەی میکائیل سدیقی، تەنیا پشتیوانی کرێکارانی بیناسازی و بنەماڵەکانیان دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتییە و نابێ ئەو مافە لەو تویژەی کۆمەڵگا بستێندریتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا دڵێ، پێشێلکردنی ئەو مافە زوڵمێکی گەورەیە بەرامبەر بە کرێکاران، کە لە ٣٣ هەزار کرێکاری بیناسازی، تەنیا ١١ هەزار کرێکار بیمەیان هەبێ.
بەپێی بەڵێنییەکانی وەزارەتی کار و ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، دەبێ ساڵی ٩٥ی هەتاوی ٢٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی بیمە بکرێن، بەڵام بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی سێنفی کرێکارنی بیناسازی، ئەمساڵ تەنانەت یەک کرێکاریش بیمە نەکراوە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، ساڵی ٩٥ی هەتاوی دەبێ ١٠ هەزار کرێکاری بیناسازی لە پاریزگای سنە بیمە بکرێن، هەرچەند ساڵی ٩٥ی هەتاوی بەرەو کۆتایی دەڕوا، دەبێ لەو ماوەیەدا ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی چارنووسی کرێکارانی بیمە نەکراو ڕوون بکاتەوە.











